سەدات پەکەر، کە لە تورکیا بە سەردەستەی مافیا دەناسرێت و ئێستا لە ئیماراتەوە زانیاری لەبارەی گەندەڵی و مامەڵەی نایاسایی بەرپرسانی ئاکپارتی بڵاودەکاتەوە، چەند تویتێکی لەسەر سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاوکردەوە.
پەکەر لەبارەی ئەو سەردانانەی سۆیڵو بۆ لای هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی دەیانکات نووسیویێتی: “ئەوانەی تویتم بۆ دەنێرن و دەڵێن بۆچی وشەی ‘سولوی باق و بریق’ بۆ ئەو وەزیرە بەکاردەهێنیت کە قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە؟ ئەو کەسانە یان ساویلکەن یان گێژن. چونکە ئەوانەی قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرن سەربازان و پۆلیسەکانمانن”.
سەدات پەکەر لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا کاردانەوەی بەرامبەر ئەو کەسانە نیشانداوە کە باس لە سەردانی وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ سەنگەری سەربازان و ‘ماڵە شەهیدان’ دەکەن و ئاماژەیکردووە: “ئەی ساویلکانە! ئەو بە ئەسپ و عەرەبانە ئەو سەردانانە دەکات؟ بە فڕۆکە و هێلیکۆپتەری تایبەت دەچێت”.
پەکەر ئاماژەی بەوەشداوە کە خەڵکانێکی دیکە دەنێردرێنە شەڕ و دەکوژرێن، بەڵام سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆ بە هێواشی وڵاتەکە بە تاڵان دەبات کەچی کەسانێک چاوپۆشی دەکەن و نایانەوێ راستییەکان ببینن.
هەروەها لە کۆتابەشی تویتەکەیدا رووی دەمی کردووەتە سولەیمان سۆیڵو و ئاماژەی کردووە کە هەر دەبێت بچێتە بەردەم دادگای وڵات و هیچ چارەیەکی دیکەی نییە.
دوای ئەوەی سەدات پەکەر دەستی بە بڵاوکردنەوەی تویت و ڤیدیۆکانی لە پلاتفۆرمی یوتیوب کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی 25 رۆژ بێدەنگ بوو. هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی:”ئێمە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەتەکاندا پشتیوانی لە سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆمان دەکەین”.
ئەردۆغان هەر لەو گوتارەیدا سەدات پەکەری بە “سیخوڕ” ناوبرد و گوتی ئەوەی دەگوزەرێ دەستی بیانیی لەپشتە. وەکو وەڵامێک بۆ ئەم گوتانەی ئەردۆغان، سەدات پەکەر لەم ڤیدیۆی دەیەمینی خۆیدا، کە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو بڵاویبکاتەوە، وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە.