تەرمی كچێكی گەنجی 26 ساڵی خەڵكی سەقز دۆزرایەوە كە لەلایەن دەستگیرانەكەیەوە سوتێندرابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەرمی كچێكی گەنجی خەڵكی سەقز بە ناوی “ گوڵاڵە (نگین) شێخی” تەمەن ٢٦ ساڵ لە شەقامی سەقز بۆ سنە و لە شوێنێك بە ناوی ”چاپانی خواروو” لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئاگاهی دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، گوڵاڵە شێخی یاسای خوێندووە و دوو هەفتە پیش ئێستا لەگەڵ دەستگیرانەكەی بە ناوی كەیومەرس زەرغامی كە كوڕەخاڵی خۆشی بووە رۆشتوون بۆ سەفەر. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوویشدا دەستگیرانی نگین تەلەفوونی بۆ بنەماڵەكەی خۆی كردووە و وتوویە كە نگینم كوشتووە و خۆشی هەڵاتبوو.

ناوبراو هەروەها بە بنەماڵەكەی وتبوو كە تەرمی نگینم لە شەقامی سنە بۆ سەقز شاردووەتەوە و ئەوە چەند ڕۆژ بوو خەڵك و ناوەندە پەیوەندیدارەكان لە هەوڵدا بوون بۆ دۆزینەوەی تەرمەكەی كە دواجار ئەمڕۆ و دوای دەستگیر كردنی بكوژ لە ئاستارا، تەرمەكەی لە كاتێكدا بە تەواوەتی سووتابوو، دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند كە كەیومەرس لەگەڵ هاوڕێیەكی بە ٤ لیتر بەنزین گوڵاڵەیان ئاگرداوە و دواتر تەرمەكەیان شاردووەتەوە.