بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هێزەکانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەستابوو بە كوشتنی ژنەكەی .دەشڵیت، “بکوژ و کوژراوەکە لێک جیابوونەتەوە بەڵام لەماڵێکدا ژیاون”.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک لەگەڕەكی بەكرەجۆ لەشاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا، دوای گەشتنی هێزەکانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ بۆ شوێنی رووداوەکە، دەركەوت كە پیاوێك فیشەكی ناوە بە ژنەكەیەوە و كوشتویەتی، دواتریش هەڵاتووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیشدا هاتووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی (بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ و نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن) ی ڕاسپارد كە لێكۆڵینەوەی ورد لە ڕوداوەكە بكەن و توانرا پاش سێ کاتژمێر لە گەڕان و پشکنین، تۆمەتبار بدۆزرێتەوە.
تاوانبارەکە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨ە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسیش، تاوانبار و كوژراوەکە لەپڕۆسەی هاوسەرێتی لێك جیابوونەتەوە بەڵام لە ماڵێكدا پێكەوە ژیاون .