کەمێک پێش ئێستا لە رۆژهەڵاتی بەغدا ئەفسەرێکی کورد بەناوی عەقید نیبراس ئەبو عەلی، جێگری بەڕێوەبەری چاودێری لە دەزگای هەواڵگریی عێراق لە ناوچەی بەلەدیات کوژرا.
رووداوەکە رۆژی دووشەممە 07-06-2021 روویداوە. دەزگای هەواڵگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت “عەقید نیبراس فەرمان فەیلی لەلایەن ژمارەیەک چەکدار کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابیان پێبووە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا”.
عەقید نیبراس بەڕێوەبەری هەواڵگریی ناوچەی رەسافە بوو لە بەغدا، پێش ئەوەی ببێتە یاریدەدری بەڕێوەبەری چاودێری لە دەزگای هەواڵگریی عێراق.
دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاماژە بەوەش دەدات “لە کاتی تەقەکردنەکە بۆ ماوەیەک بەرگریی کردووە و تەقەی لە هێرشبەران کردووە، بەڵام هێرشبەرێکی دیکە لە ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە بە چەکێک لە جۆری کڵاشینکۆڤ تەقەی لێکردووە و چەند گوللـەیەکی پێوەناوە و کوشتوویەتی.”
ئەمڕۆ ناو و وێنەی عەقید نیبراس محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندە بە هەواڵ بڵاوکرایەوە، بەڵام هەر زوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند “ئەوەی کوژراوە ئەو کەسە نییە، بەڵکو کوژراوەکە عەقید نیبراس فەرمان، یاریدەدری بەڕێوەبەری چاودێرییە لەدەزگای هەواڵگریی عێراق.” گوتیشی “لێكچوونی ناوەکان هۆکاری ئەو هەڵەیە بووە.”
عەقید نیبراس فەرمان لەنێو ئۆتۆمبیلەکەی خۆیدا لە ناوچەی بەلەدیات کوژرا، دوای ئەوەی چەند گوللـەیەک بەر بەشی سەرەوەی جەستەی دەکەوێت و کەسێکیش کە لە شوێنی رووداوەکە بووە برینداربووە.