پارێزەری کەیسی سزادراوانی بادینان ڕایگەیاند، پاش ئەوەى پارێزەران داواى پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی بڕایرەکەی دادگای پێداچوونەوەیان کردووە بە دۆسیەى دەستگیرکراوانى بادیناندا، بریار دراوە ئەو دۆسییە ڕەوانەى دادگا بکرێتەوە.
ڕێباز وسو، پارێزەرى دۆسیەی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لەبەردەم دادگای هەولێر ڕایگەیاند: ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان ماوەیەکى زۆرە لە نێو زینداندان و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان یەکلا نەکراوەتەوە، وتیشی:هەر پەلەکردنێک لە کارکردن لە دۆسیەکەدا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.
ئەو پارێزەرە، وتیشی: “ئێمە لە ڕۆژی ٢٠ی ئایار داوامان کرد، بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە ڕاستبکرێتەوە و جارێکی تر پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، دۆسیەکە ماوەیەکی زۆر لە بەشی خامەی دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر مایەوە و ڕۆژی ٣ی حوزەیران دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تەمیز کراوەتەوە، بۆ ئەوەی ڕاستکردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەی بۆ بکرێت”.
ئاماژەى بەوەشکرد،” ئێمەئومێدمان زۆر بەوە هەیە بە پاڵپشتى دەزاگاکانى ڕاگەیاندن و ڕاى گشتىیش بەردەوام کار لەسەر ئەو دۆسێیەیە بکەین، ئیمە وەک تیمى پارێزەران لەڕووى یاساییەوە هەمیشە کارى جدى لەسەر دەکەین”.
ئەوەشى خستەڕوو، دەبێت رێکخراوەکان و ڕاى گشتى کار لەسەر ئەوە بکەن ک ە دادگاکان ڕۆڵى سەربەخۆى خۆیان بپارێزن و ئومێدمان هەیە، کە سەرۆکى هەرێم لێبوردنێکى گشتى بۆ ئەو چالاکەوان و ڕۆژنامەنوسانە دەربکات.
باسی لەوەشکرد، لەپاش زیندانیکردنى ئەو چالاکەوان و رۆژنامەنوسانە ئێمە وەک تیمى پارێزەران کەمترین ئاگاداریمان لە تەندروستیان هەیە و کەمتر لە پێنج خولەک تەنها یەک پارێزەرمان ئەوانیان بینیوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٦ مانگى شوباتى ئەمساڵ دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر هەریەک لە ‘شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا’دا سەپاند، هەرچەندە پارێزەران داوایان کرد پێداوچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت، بەڵام دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکەی وەک خۆی پەسەند کرد.
ئ.م