وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، گروپی چەکداری پەکەکە هێرشیان کردوەتەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون، دەشڵێت، “پەکەکە نوێنەری کوردەکان نییە و ناتوانێت بیانپارێزێت”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پەکەکە هێرشی کردوەتە سەر هێزی پێشمەرگە و ژمارەیەکیان لێ کوشتوون و ئەمەش وێنەی راستەقینەوەی پەکەکەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە، “تورکیا هەمیشە ئامادەیە پاڵپشتی عێراقی دراوسێی بکات لەروبەڕوبوونەوەی تیرۆردا”.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، کە تورکیا سەرخۆشی لەعێراق دەکات بۆ سەر پێشمەرگەکان و دەشڵێت، “ئامادەین هاوکاری عێراق بکەین لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا”.

هەر ئەمڕۆش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە تویتەری خۆی رایگەیاند، هێزە هەواڵگرییەکانیان توانیویانە کە سەلمان بوزقیر بەرپرسی کەمپی مەخمووری ئاوارەکان بکوژن، دەشڵێت، “رێگەنادەین پەکەکە کەمپی ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی پێگەیاندنی تیرۆرستی بەکاربهێنێت”.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ شەممە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر هێزێکی پیشمەرگە لە چیای مەتین لە دەڤەری ئامێدی و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە پێنج پێشمەرگە شەهید و حەوتی دیکەش برینداربوون.