هەپەگە ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی دوێنێ لە مەتینا تێکشکێندرا، لەلایەن گەریلاوە نەکراوەتە ئامانج، دەشڵێت: “دەمانەوێت شاندێکی هاوبەش یان شاندێکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن”.

ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی ڕووداوەکەی دوێنێی مەتینا ڕایگەیاند “ڕۆژی ٥ی حوزەیران لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانیدا هێزە سەربازییەکانی پەدەکە بەبێ هیچ زانیارییەک و بەشێوازی ئۆپەراسیۆن ویستیان بچنە ناوچەی گەریلا لە مەتینا ئەمە بێگومان هەڵەیە و خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەیی ناکات. ڕاستە هێزەکانمان لەوێ چەند فیشەکێکیان بۆ ئاگادارکردنەوە تەقاند، بەڵام بەدڵنیایەوە ئەو چەکەی کە بووە هۆی تێکشکاندنی ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن هێزەکانمانەوە بەکارنەهاتووە، بۆیه ئەو ئۆتۆمبێله له ڕێگای هەوا و موشەکەوە لێیدرا، بۆیە بۆ پرسی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە ئێمە وەک هەپەگە ڕایدەگەیەنین کە پێویستە شاندێکی هاوبەش یان شاندێکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن و ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەن”.