سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەكات، كە لە ڕووداوەكەی دوێنێی چیای مەتین شەھیدبوون.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بارەگای بارزانی، “ئەمڕۆ یەك شەممە ٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ ، مەسعود بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد، كە لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئەركی ئاسایی خۆیان لە ئەنجامی ھێرشی چەكدارانی پەكەكە شەھیدبوون”.

بارزانی بە خانەوادەی ئەو شەھیدانەی ڕاگەیاندووە، پرسەی ئەو شەھیدانە پرسەی منە و ئینجا ھی ئێوەیە و ھاوسۆزی و ھاوخەمی خۆی پێگەیاندن و وتی، “ئەوانەی تاوانی شەھیدكردنی پێشمەرگەكانیان ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەن”.

ئاشكراشی كردووە، دوای ئەو پەیوەندییانە بارزانی ھەر لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە یەك بەیەكی ئەو پێشمەرگانەش كرد، كە بەھۆی ھێرشەكەوە برینداربوون و ھیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ خواستن.

دوێنێ‌ لە چیای مەتین لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و گەریلاكانی پەكەكە، 5 پێشمەرگە شەهید بوون و 7ی دیكە بریندار بوو، هەر زوو میدیای فەرمی پارتی ڕایگەیاند، كە بە بۆردومانی توركیا شەهید كراون، بەڵام دواتر میدیاكانی پارتی لە زاری سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، كە لە پشكی پارتییە بڵاویانكردەوە، لە هێرشی پەكەكەدا ئەو پێشمەرگانە شەهید بوون.

لای خۆشیەوە، هەپەگە، باڵی سەربازی پەكەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا جەختی كردەوە، كە بەهیچ شێوەیەك ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە و تا ئێستا بۆیان ڕوون نەبۆتەوە، كە بۆمب بووە یان هێرشی فڕۆكەی توركیا، چونكە ئەوان تەنها پێشمەرگەیان بە تەقەی ئاسمانی ئاگادار كردۆتەوە، كە پێشڕەوی نەكەن و نەچنە ئەو ناوچەیە.