قوباد تاڵەبانی، رووداوەكەی دوێنێی چیای مەتینا، كە بووە هۆی شەهیدو برینداربوونی 9 پێشمەرگە، بە رووداوێكی دڵتەزێن وەسفدەكات و راشیدەگەیەنێت، دۆخەكە وا دەخوازێت هەموو لایەكمان لە قسە و كردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین و لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دانبەخۆداگرتن هەیە.
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا كە لەئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، لەبارەی رووداوەكەی چیای مەتینا نوسویەتی:” رووداوێكی دڵتەزێن بوو كە بووە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر”.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە، گەلەكەمان لە رابردوودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە كوردییەكانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی بكرێت. دۆخەكە وا دەخوازێت هەموو لایەكمان لە قسە و كردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین و لەم دۆخەدا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسییانەی هەن پارێزراوبێت.
جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاماژەی بەوەشكردووە، بەرهەمی ئاڵۆزی و ناكۆكییەكانی رابردوومان، تەنیا شكست و بێهیوایی بووە بۆ گەلەكەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆكوژی و ئاڵۆزییەكانی رابردوومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە كوشندەكانی رابردوو، بێ گومان دەرەنجامەكەی شكست و بێهیواییەكی گەورەتر دەبێت بۆ هەموو كورد. بۆیە ئێستا هەموو لایەكمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەداین و دەبێت هەموو هەوڵێكمان بە ئاراستەی چارەسەركردن بێت نەك ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و كوردانە و بەرپرسیارانە كێشەكان چارەسەر بكەین.
قوباد تاڵەبانی، وێڕای سەرەخۆشی كردن لە كەسوكاری پێشمەرگە شەهیدەكانی چیای مەتینا و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، هیوای ئەوەی خواستووە بە حیكمەت و دانایی، پێش بە دووبارەبوونەوەی رووداوی دڵتەزێنی دیكە بگرین.