برایەكی مەلا كرێكار ( نەجمەدین فەرەج) رایدەگەیەنێت، لەلایەن ئیدارەی ئەو گرتوخانەیەی مەلاكرێكاری لێ زیندانی كراوە، ئاگاداركراونەتەوە كەنابێت وێنوە تۆماری ڤیدیۆیی براكەیان بڵاوبكەنەوە.
خالد رەنجدەر، ئەمڕۆ شەممە لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:” ئەمڕۆ بە سكایپ قسەم لە گەڵ مامۆستا كرێكار كرد. سوپاس بۆ خوا تەندروستی باشە و ڤاكسینی دووەمی دژە كۆرۆنای وەرگرتووە.”
رەنجدەر دەڵێت:” بە فەرمی ئیدارەی زیندانەكە ئاگاداریان كردووینەتەوە كە نابێ وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی مامۆستا بڵاو بكەینەوە.”
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا كرێكار لە ساڵی 1956 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە. ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیە، زمانەكانی كوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و نەرویژی دەزانێ.
مەلا كرێكار، ئەمیری پێشوی گروپی تیرۆرستی ئەنسارولئیسلام لەساڵی (1991) چووەتە وڵاتی نەرویج و ئەو وڵاتەش مافی پەنابەرێتی پێداوەو دواتریش بەشێوەیەكی بەردەوام هاتووچۆی بۆ هەرێمی كوردستان كردوە.
لەساڵی (2001)دا كۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوە جیابوونەوەو پاشان جوندولئیسلام دامەزرا. مەلا كرێكار بووە بە ئەمیری گروپی (جوندولئیسلام)، كە لەساڵی (2003) لەلایەن ئەمریكاوە گروپەكەی مەلا كرێكار وەك گروپێكی تیرۆرستی لەقەڵەم درا.
لەكاتێ پرۆسەی ئازادی عیراقیش، لەمانگی ئازاری (٢٠٠٣) لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە لەناوچەی هەورامان بۆردومانی ئەو گروپە كرا.
مەلا كرێكار لەلایەن دادگای ئیتاڵیا تاوانباركراوە بە:
-پشتیوانیكردن لە تیرۆریستی ئیسلامی،
-ھەوڵدانی بۆ دامەزراندنی ڕەوتی شاخ لە كوردستانی عیراق و ئەوەیش دەبێتە جێگای مەترسی.
جگە لە مەلا كرێكاری تەمەن (٦٥) ساڵ، نۆ كەسی تر لە دۆسێیەكەدا تێوەگلاون و بە چەند ساڵێكی جیاواز ٦ تا ٩ سزا دراون، سەرجەمیان تۆمەتباركراون بە دروستكردنی گروپێكی جیهادی بە ناوی “ڕەوتی شاخ” و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی “كاری چەكداری” لە وڵاتانی ئەوروپا، مەلا كرێكار سەرپەرشتی كردووە.