ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە، بەڵام پێچەوانەی هەموو یاسا، ئەخلاق و بنەما ژینگەییەکان، دەوڵەتی تورک، ڕۆژانە بە سووتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان، جینۆسایدی ژینگەیی لەسەر باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات، بەگوێرەی ئامارەکان ٧ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە سووتاون و ڕۆژانە ٤٥٠ تەن دار دەبڕنەوە.

ڕۆژی جیهانیی ژینگە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٣ بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی دانیشتوانی سەرزەوی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە کۆنگرەی (ستۆکهۆڵم)ی تایبەت بە ژینگە  دیاری کرا، تا ئەمڕۆش ساڵانە لە سەرانسەری جیهان، ژینگەپارێزان بە مەبەستی پاراستنی ژینگە ‌و بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە، لەو ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.

بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژینگە (UNDP) لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژەدا چەند بنەما و ئامانجێکن، کە بریتین لە:

* بەخشینی ڕوویەکی مرۆیی بە پرسە ژینگەییەکان.

* تواناسازیی خەڵک بۆ ئەوەی ببنە چالاکانی بواری پەرەپێدان و پاراستنی ژینگە.

* برەودان بە بەشداریکردن بە ئامانجی متمانەپێدان بە ڕەفتاری هەموو گەلان لە داهاتوویەکی پڕ لە ئاسایشی ژینگەیی و بەختەوەرانەتر.

بەڵام بەپێچەوانەی یاسا و ئەخلاق و هەموو ئەو بنەمایانە، لە ٢٠١٨ وە دەوڵەتی تورک لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەو شوێنانەی کە داگیری کردوون، دەستی بە بڕینەوەی دارستانەکان و بە تاڵانبردنی بۆ تورکیا کردووە و بەشێوەیەکی ئاشکراش لە ناوەڕاستی مانگی شەشی ئەمساڵەوە، بە بیانووی دروستکردنی جادە بۆ شاخەکانی زاخۆ، دەستیان بە بڕینەوە داری دارستانەکان کردووە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان، سوپای تورک لە سنووری زاخۆ و بەرواریی باڵا و گوندەکانی دەرییە داودییە، کەشان، دەشتی بەشیر ئاغا، باس ئاغا، کانی قەزە، ئانش، شاران شا، گوندە مەسیحییەکان، ناوچەی خانتوور و هەفتانین دەستیان بە بڕینەوە و بە تاڵانبردنی داری دارستانەکانی ئەو دەڤەرانە کردووە و بە بارهەڵگر دەیانگوازێتەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان و بازرگانی پێوەدەکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لەلایەن شەش کۆمپانیای تورکییەوە، ڕۆژانە بە بەردەوامی لە سنووری بادینان نزیکەی ١٠٠ کرێکار کاری بڕینەوەی دار دەکەن، دوای بڕینەوەشیان لە شوێنەکانیان، جادە و ڕێگا و ڕێڕەوی سەربازی دروست دەکەن، دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر خەرجی و کرێی کاری ئەو کۆمپانیایانەدا، کۆمپانیاكانی سەرپشک کردووە لە ڕووتاندنەوە و قڕکردنی ژینگەی ناوچەکە و بەشێکی داهاتەکەشی وەردەگرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ڕۆژنیوز کەوتوون: لەم قڕکارییەدا زیاتر لە ٥٠٠ جاش و چەتە هاوکاریی سوپای تورک دەکەن، جگە لە بڕینەوەی دار، دەغڵ و دانی هاوڵاتییانی سنوورەکەش دەسووتێنن، بە وتەی کاوە سەبری بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک: سوپای تورک لەم دواییانەدا، زیاتر لە ٥ هەزار دۆنم زەوییان سووتاندووە و ڕۆژانەیش بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەوە، ڕەز و باخی گوندنشینان دەسووتێنێت.

هەروەها بە وتەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان، سوپای تورک، دارستانەکانی باشووری کوردستان دەسووتێنێت و ڕۆژانە ٤٥٠ تەن دار دەبڕنەوە و دەیبەن بۆ تورکیا و دەیفرۆشن، هاوکات پارێزگاری دهۆک بەفەرمیی ئەم زانیارییانەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها بە گوێرەی ئامار و بەدواداچوونەکانی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، لە ماوەی چل ڕۆژی ڕابردوودا لە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر ناوچەکانی هەفتانین، زاپ و ئاڤاشین، لە ھەفتەی یەکەمدا چوار بارەگای سەربازی بە پانتایی ناوچە شاخاوییەکانی زناری کێستە، کەفرە سۆر، مەلا ردی و دەرارێ جێگیر کردوون، هەروەها ١٦ گوند لە ناوچەی ئاڤاشین و ٥ گوند لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ بەھۆی بۆردوومانەکانەوە، چۆڵ کراون و بەمەش نزیکەی ٣٠٠ خانەوادە لە ھەردوو ناوچەکە، ئاوارە بوون.

لە ٩ ڕۆژی سەرەتای داگیرکارییەکاندا، هەزار ‌و  ٣٠٠ پورەی ھەنگی ھەنگەوانانی گوندنشینانی کانی ماسێ و ئاڤاشین لەناوچوون و ٧ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەھۆی بۆردوومانەکانەوە سووتاون، هەر بەھۆی بۆردوومانەکانەوە، پڕۆژەیەکی سەرەکیی ئاو لە گوندی ئەدنێ لە ناحیەی کانی ماسێ، کە ئاوی ٩ گوندی دیکەی دابین دەکرد، وێران بووە. هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە ماوەی پێنج ساڵدا، ١٤٨ گوند چۆڵ کراون و ٥٠٠ گوندیش هەڕەشەی چۆڵکردنیان لەسەرە.

ئەمە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیکات، وێرانکردنی بە بەرنامەی ژینگەی کوردستانە  و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتییە، چ بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی چوارەمی جنێڤ ساڵی ١٩٤٩ مادەی ٥٣ و پرۆتۆکۆڵی یەکەمی پاشکۆی ڕێککەوتننامەکانی جنێفی ساڵی ١٩٧٧ لە مادەکانی ٣٥ و ٥٤ و٥٥، ھەروەھا پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە.

ئەوەی مایەی نەنگیی و سەرسوڕمانە، بێهەڵوێستیی و چاوپۆشیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و حزبە دەسەڵاتدارەکانە لەمەڕ ئەو جینۆسایدە ژینگەییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئاشکرا دەیکات، کە تا ئێستا لە چوارچێوەی لێدوانی شەرمنانە ماونەتەوە.