سنور ميديا

حكومەتی هەرێم لە وەڵامی نوسراوێكی پەرلەمانی كوردستاندا كە داوای ئامادەبونی دو لیژنەی چاكسازیی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی كردوە، دەڵێت، ناتوانن ئامادەبن بۆیە پێشنیار دەكەن لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان سەردانیان بكەن.

 

پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوی رەسمی داوای ئامادەبونی لیژنەی چاكسازی شەهیدان و ئەنفالكراوان و لیژنەی چاكسازی زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كردوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی چۆنیەتی بەڕێوەچونی كارەكانیان، بەڵام حكومەت لەوەڵامی پەرلەماندا وتویەتی، ناتوانن ئامادەبن.

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنوسراوێكی رەسمیدا كە ئیمزای د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، وەڵامی داواكەی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو وتویەتی، لیژنەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان “ناتوانن ئامادەبن، بۆیە پێشنیار دەكەن (لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی) لە پەرلەمانە بەڕێزەكەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كاروباری شەهیدان لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەروەها لیژنەی چاكسازی زیندانیانی سیاسی لە دیوانی وەزارەت بكەن.”