سنور ميديا

عەبدوڵا مەلا نوری، ئەندامی خولی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان لەوەڵامی وتەکانی ئایدن مەعروف رایگەیاند، ئایدن مەعروف نوێنەری نەتەوەی تورکمان نیەو لێدوانەکانیش “بۆ خزمەتی پێکهاتەی تورکمان نیە لە کوردستان، بەڵکو زیاتر خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکی رەگەز پەرست و سۆزداریی دەوڵەتی تورکیای فاشیە”.

ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمان و هەروەها وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندوە، “پێویستە ئاڵای کوردستان و سروی ئەیڕەقیب بگۆڕدرێت و رەمزی تورکمانی تێدابێت”.

لەوەڵامی ئەو لێدوانەدا عەبدوڵا مەلا نوری لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، “کاک ئایدن مەعروف نوێنەری نەتەوەی تورکمان نیەو لێدوانەکانیش بۆ خزمەتی پێکهاتەی تورکمان نیە لە کوردستان، بەڵکو زیاتر خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکی رەگەز پەرست و سۆزداریی دەوڵەتی تورکیای فاشیە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئەمما؛ منیش پێموایە دەبێ لە دەستوردا، لە سرودو ئاڵاو تەواوی بەڵگەنامە فەرمیەکاندا، زمان و رەمزو کلتوری پێکهاتەی تورکمان و کلدو ئاشوری، بە شێوەیەکی شایستە رەنگ بداتەوە، ئەمە لە بەر چاوی کاڵی کاک ئایدن و دەوڵەتی تورکی رەگەز پەرست و ئەردۆگانی دەجال نیە، بەڵکو دەبێ کوردو کوردستانیان باوەڕی تەواویان بەوە هەبێت لە کوردستاندا پێکهاتەی جیاواز هەیە و دەبێ لەم سەرزەمینەدا (کوردستان) بە ئاشتی و خۆشەویستیەوە بژین و جیاوازی و تایبەتمەندی یەکتر قبوڵ بکەن”.

عەبدوڵا مەلا نوری باسی لەوەشکردوە، “من خۆشحاڵ دەبم، رۆژگارێک بێت لەم وڵاتەی ئێمەدا، لە پۆستە باڵاکاندا، نوێنەری راستەقینەی پێکهاتە جیاوازەکان ببینم، نەک نوێنەری تورکی رەگەزپەرستی دژە ژیان و ژینگەو حیزبەکانی دەسەڵاتی هەرێم”.