سنور ميديا

وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنى کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، “پێویستە ئاڵاى کوردستان بگۆڕدرێت و رەمزی تورکمانى تێدابێت”، دەشڵێت، “لە دەستوری نوێدا پێویستە سرودی ئەی رەقیب بگۆڕدرێت”.

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنى کاروباری پێکهاتەکان کە سەر بە نەتەوەى تورکمانە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەشکرد، “دەبێت زمانى تورکمانى بە فەرمی لە دەستوردا هەبێت و دەستوری هەرێم هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە هەتا رێگری بکرێت زمانی تورکی نەناسرێنرێت”.

لە بەشێکی دیکەى قسەکانیدا، ئەو وەزیرە پەکەکەى بە هەوڵدان بۆ تێکدانى پەیوەندییەکانى تورکیا و هەرێم تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، “ئەوەى تورکیا لە هەرێم ئەنجامی دەدات هۆکارەکەى پەکەکەیە و تورکیا پشتیوانی لە خاکی هەرێم کردووە بێ جیاوازی.”

ئایدن مەعروف لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا وەک وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لەسەر پشكی بەرەی تورکمانی دەستبەکاربووە، هاوکات، پەرلەمانی کوردستان 11کورسی کۆتای هەیە، کە پێنج کورسیان بۆ نەتەوەی تورکمان تەرخانکراوە.