سنور ميديا

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە کە عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی کردووە و راشیگەیاندووە کە بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە بۆ لێپرسینەوە بچێتە بەردەم پەڕلەمان.

 

ئەحمەد سەففار بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستمانە، عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی لەپۆستەکەی کردووە و راشیگەیاندووە کە بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە بۆ لێپرسینەوە بچێتە بەردەم پەڕلەمان،  بەوتەی سەففار لەئێستادا بابەتی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی راگیراوە.

 

برایردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ئەوەشی وتووە کە زۆرینەی وەزیرەکان تەنانەت لەکاتی بانگهێشتکردنیشیاندا ئامادە نین بێنە پەرلەمان، ڕوونیشی کردۆتەوە کە پەرلەمان بەدەست تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی و گرێنەدانی دانیشتنەکانەوە دەناڵێنێت.

 

پێشتریش میساق حامیدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندبوو کە هەرچەندە پەڕلەمانتاران چەندین پرسیاریان ئامادە کردووە بۆئەوەی لەکاتی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی ڕووبەڕووی بکەنەوە، بەڵام سەرۆکایەتیی پەڕلەمان بابەتی دیاریکردنی کاتی لێپرسینەوە لەو وەزیرەی نادیاری هێشتۆتەوە.