ڕۆژانە 3 بۆ 6 هەزار گەشتیار ڕوو لە ناوچەكانی هەرێم دەكەن كە زۆرترینیان بۆ ناوچەی سۆران و رەواندز بووە.

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتووگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، ئێستا بارودۆخی گەشتیاری ئاستێكی باشتری هەیە بەتایبەت دوای ئەوەی بازگەكان بەڕووی گەشتیاراندا كرانەوە بەتایبەت لە خوارو و ناوەڕاستی عیراق لە ئێستادا جموجۆڵێكی باشی گەشتیاری لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم هەیە و ئەمەش وایكردووە ڕۆژانە 3 بۆ 6 هەزار گەشتیار بێنە نێو هەرێمی كوردستان، بەڵام وەك پێشهاتنی كۆرۆنا نییە و ئاسایی نەبووەتەوە.

نادر ڕۆستی ئاماژەی بەوەشكرد، لەبارەی هاتنی گەشتیارانەوە ئامارێكی ورد لەبەر دەستدا نییە، بەڵام هەموو شوێنەكانی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان گەشتیار ڕووی تێكردووە، بەڵام زۆرترین گەشتیار ڕوویان لە سۆران كردووە كە شوێنی گەشتیاری و شوێنی مانەوەی زۆری تێدایە.

وتیشی، نرخی شوێنی گەشتیاریی بەپێی كوالێتی و خزمەتگوزاری دەگۆڕدرێت، ئەو شوێنانەی تایبەتن (vip) نرخیان بەرزترە و خزمەتگوزارییان زۆرە، هەندێك جاریش نرخ بەپێی ڕووبەری شوێنەكە دەگۆڕێت و لە هەندێك شوێنیش قۆستنەوە هەیە و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی نرخەكان بەپێی ئەستێرە دادەنرێت.

باسیلەوەشكرد، بە نوسراوی ڕەسمی بەهەموو شوێنەكان وتراوە، بۆ ئەوەی گەشتیار بەهەڵە نەبردرێت دەبێت نرخەكان لە دەروازەی چوونەژوورەوە هەڵبواسرێت بۆ ئەوەی گەشتیار ئازادبێت ئەو شوێنە هەڵبژێرێت یان نا، بۆیە ئێستا لەزۆربەی شوێنەكان نرخەكان دانراوە.