جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ بەغدا نزیکن لە ریککەوتنی کۆتایی و پابەندبوون بە دەقی یاسای بودجە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
 
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو و دوای ئەو کۆبوونەوەیە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
 
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار لە تویتەری خۆی نووسیویەتی: “کەمێك بەر لە ئێستا لە بەغداوە گەڕاینەوە هەولێر. نزیکین لە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. نیازپاکی لە هەردوو لاوە هەیە و پابەندبوون بە دەقی یاساکە کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم-یش دەباتە قۆناخێکی نوێوە”.
 
 
لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیشتر قوباد تاڵەبانی رایگەیاندبوو: “لەبارەی دوا پێشهاتی پەیوەندییەکانی ھە‌ردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ گفتوگۆمان کرد، بەتایبەت میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021 ی عێراق و دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”.
 
 
بەوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان “جارێکیتر ھە‌ردوولامان پابەندیمان بە یاسای بودجە دووپاتکردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکە ووەکان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور بۆ دروستکردنی لێکگەیشتنی درێژخایەن و بەردەوام”.