لە ڕێوڕەسمێكدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ واژۆكرد و مونا یوخەننا یاقۆ لەبەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریدا سوێندی یاسایی خوارد.

پاشنیوەڕ‌ۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2-6-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بەنگین قاسم محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، فەرمانی هەرێمی بۆ مونا یوخەننا یاقۆ واژۆ كرد كە وەك سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەستبەكار دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی هەموو پشتگیرییەكی بۆ سەرۆكی نوێی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دووپاتكردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. دواتر لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریدا سوێندی یاسایی خوارد.

پەرلەمانی كوردستان، لە دانیشتنی ڕۆژی 18-5-2021 بە كۆی 71 دەنگ و بە زۆرینە، مونا یوخەننا یاقو-ی بە سەرۆكی نوێی دەستەی مافی مرۆڤ هەڵبژارد.