هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی ١١ مانگە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەداوە، دەشڵێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا هونەری و دارایی نییە بەڵکو زیاتر سیاسییە.
ماوەی نزیکەی دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەردەوام یەکتر بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن و لە ئێستاشدا شاندی هەرێم لە بەغدایە بۆ گفتوگۆردن و جێبەجێکردنی یاساکە.
پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.
لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقەوە ئاماژەى بەوەکرد، لە ئێستادا ئاماژەی ئەرێنی هەن، وەک رێژەی بەشداری، کە پێدەچێت زۆر زیاتر بێت لەوەى چاوەڕوان دەکرێت.
هۆشیار زێباری دەشڵێت، رێژەی تۆماری بایۆمەتری بەرزبووەتەوە بۆ لە سەدا حەفتاو پێنج، ئەوەش ئەگەر و گریمانەى ساختەکاری کەمتر دەکات و لەوانەیە هەڵبژاردنی ئەمجارە نەخشەی سیاسی بگۆڕێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.