بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ڕای دەگەیهنێت، دوای پێنج مانگ لە نەهاتنی، یەکەمین بەشە برنج له چوارچێوهی بهشهخۆراكی مانگانهدا دابەش دەکرێ.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشهسازیی حكوومهتى هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “پاش گەیشتنی برنجی جۆری پاکستانی بۆ کۆگاکانمان، پشكنینی تەندروستیی بۆ کرا و ئێستا لە سلێمانی دەست کراوە بە دابەشکردنی، لەم ڕۆژانەش لە هەولێر و دهۆکیش لە ڕێگەی بریکارەکان دەدرێتە هاووڵاتییان”.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمساڵ یەکەمین جارە برنج دابەش بکرێ، ” ئەمساڵ لە بەغداوە یەکەمین جارە برنج بنێردرێ، لە پێنج مانگی ڕابردوودا هیچ بڕە برنجێک نەنێردراوە، تەنیا چەند بەشە ئارد و شەکر و زەیتێک هاتووە و دابەشمان کردووە”.
لە بارەی باشی و خراپیی جۆری برنجەکەوه، نەوزاد شێخ کامیل وتی: “برنجەکە لە ڕووی تەندروستییهوه لە پشکنین دەرچووە و شیاوی بەکارهێنانە، ئەوەی تریش دەوەستێتە سەر هاووڵاتییان”.
بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی، جەختیشی کردەوە “ئەوەی دەنێردرێ بۆ کۆگاکانمان، پاش پشکنینی تەندروستی، ئەو کات لە ڕێگەی بریکارەکان دابەشی سەر هاووڵاتیان دەکرێ”.