وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بڕینەوەی دار و زیانگەیاندن بە ژینگە و سرووشتی کوردستان دەڵێت، نیگەرانن و “بە فەرمیش ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن کە جێگەی قبووڵکردن نییە.”
 
 
دەقی راگەیێندراوی وتەبێژی حکومەت:
 
 
*ڕاگەیەندراوێک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە*
 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن کە جێگەی قبولکردن نییە .
 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا و دروستبوونی شەڕو پێکدادانی نێوان هەردوولا ، بۆیە داوا دەکەین کە ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن و چیتر دانيشتووانى ئەم ناوچەیە دووچارى نەهامەتی وئاوارەیی وماڵوێرانی نەکەن.
 
 
د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان