ئەمڕۆ دووشەممە کەسێک لەنێو بازاڕی رانیە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکرد و دواتر بووە دەمەقاڵێی لەگەڵ چەند کەسێکی دەوروبەری، بەوهۆیەشەوە هێرشکرایە سەری و بە “شەق و بۆکس” رووبەڕووی یەک بوونەوە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت، ئەو کەسە نەخۆشیی دەروونی هەیە و “بەخشراوە”.
 
 
شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی ئەو رووداوە رایگەیاند، کاتێک ئەو کەسە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی کردووە، چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەری، “هێزەکانمان لەوێ بوون و لەژێر دەستی خەڵکەکە دەریان هێناوە.”
 
 
بە وتەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەری، نەیانزانیوە کە ئەو کەسە “نەخۆشیی دەروونی” هەیە.
 
 
کاتێک هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین ئەو کەسەیان بردووەتە بنکەی پۆلیس، لەوێ گوتوویەتی ناوی “هەژار محەممەد”ـە، بەڵام شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت، “دڵنیانین لەوەی ئەو ناوە دروست بێت، چونکە هیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە و تەمەنیشی دیارنییە، بەڵام بە رواڵەت کەسێکی بەتەمەن بووە.”
 
 
ئەو کەسە هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی ناکەوێتەسەری بەهۆی ئەوەی “دەروون دروست” نییە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش وتی، “هیچ دۆسییەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو رووداوە نەکراوەتەوە.” ئەو کەسە سکاڵای لەسەر هیچ کەسێک نەبووە.
 
 
پێش ئەوەی رووبەڕووبوونەوە دروست بێت، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، ئەو کەسە دەڵێت، “رێگە لە پەیامی خودا مەگرن.” پاشان لەگەڵ چەند گەنجێک لە یەکدی دەدەن.
 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو کەسە دەڵێت، “رێزی خۆتان بگرن، من پێغەمبەری خودام… من هەژار محەممەد ـم و لە فەرموودەی قودسیدا ناوم وا هاتووە.”
 
 
سه‌رچاوه‌: ڕووداو