وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوانی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە یاسایەكی تایبەت بە میدیای ئەلیكترۆنی ئامادە دەكەن و دەشڵێت: “ئەو جۆرە میدیایە هەنێ بێ سەرووبەری پێوەدیارە”.
نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان ڕایگەیاند، ئێمە لەهەرێمی كوردستان ڕێنمایی ژمارە ۱ی ساڵی ٢٠١٤مان هەیە بۆكاری ڕاگەیاندن، كە ئەو كات تەنها ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەبوو، بەهۆی ئەوەی ئێستا میدیای جێگرەوە دروست بووە وەك سۆشیال میدیا ئێمە سەرقاڵی هەمواركردنەوەی ئەو ڕێنماییەین.
دەشڵێت: “ئەو جۆرە میدیایە هەنێ بێ سەرووبەری پێوەدیارە، كە ڕەنگە ئەوەش هۆكارەكەی ئەوان نەبێت، چونكە یاسایەك نیە بۆ كاری ئەوان، لەبەر ئەوە لەگەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنووسان سەرقاڵی ئەوەین یاسای تایبەت بەمیدیای ئەلیكترۆنی ئامادەبكەین، هەناوی یەكەمیش پێویستە میدیا ئەلیكترۆنیەكان كەوا مایك و لۆگۆیان هەیە لەسەندیكا خۆیان تۆمار بكەن و مۆڵەت وەربگرن، چونكە ئێستا ڕێگا نادرێ لەكۆنفڕانسە ڕۆنامەوانیە فەڕمیەكان بەشدارببن”.
ئەوەش دەخاتەڕوو، دوای تۆماركردنی ئەو میدیایانە، ڕێبەرێكی كاری میدیایی دەردەكەین، یاسای كاری میدیا یاسایەكی فیدڕالیە، ئەگەر یاسای كاری میدیای ئەلیكترۆنی عیراق جێبەجێ بكەین دەست و پێی هەموو میدیاكان دەبەسترێتەوە و ڕەنگە تووشی سزای قورسیش ببنەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان خستۆتە لاوە ، ڕێنمایی و یاسای تر دەردەكەین ئازادی كاری میدیا فراوان بێت، بەڵام ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگیرێت.