ئەدهەم بارزانى ئاشکراى دەکات هەرێمى کوردستانى بەجێهێشتووە و ئێستا لە رۆژهەڵاتى کوردستانە، دەشڵێت هۆکارێکى سەرەکى بۆ جێهێشتنى کوردستان وەک ناڕەزایەتییەکە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانى تورکیا .
 
ئەدهەم بارزانى ئاماژەى بەوەکرد، ئێوارەى دوێنێ یەک شەممە کاتژمێر 8ى ئێوارە لەڕێگەى دەروازەى حاجى ئۆمەرانەوە هەرێمى کوردستانى بەجێهێشت و ئێستاش لە رۆژهەڵاتى کوردستانە .
 
وتیشى، هەرچەندە سەردانەکەى سەردانێکى ئاساییە و بەهۆى هەندێک کێشەى تەندروستییەوە چووەتە رۆژهەڵاتى کوردستان، بەڵام وەک خۆی وتى نایشارمەوە بەشێکی سەرەکى جێهێشتنى کوردستان پەیوەندى هەیە بە ناڕەزایەتی من لە داگیرکردنى کوردستان لە لایەن دەوڵەتى تورکیاوە .
 
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بە نیازى داگیرکردنى کوردستان هاتووە و بۆ ئەوە نەهاتووە لەو ناوچانە بکشێتەوە، مێژووش ئەوەى سەلماندووە تورکیا چووبێتە هەر شوێنێک لێى نەکشاوەتەوە وەک داگیرکردنى قوربس و ئەسکەندەرونە و ئێستاش خەریکە عەفرین دەکەنە شارێک لە تورکیا، هاتنى ئێستاشیان بۆ کوردستان دەیسەلمێنێت کە بەنیازى کشانەوە نین چونکە لەو ناوچانەى داگیریان کردووە دەستیان کردووە بە لێدانى رێگاوبان و راکێشانى کارەبا و دەرکردنى گوندنشینەکان لە شوێنەکانى خۆیان.
 
ئەدهەم بارزانى راشیگەیاند، کاتى گەڕانەوەى بۆ هەرێمى کوردستان دیارنییە و لەوەیە زوو بگەڕێتەوە و لەوانەشە کاتێکى زیاتر بمێنمەوە .
 
سەبارەت بەوەى وتوویەتى لە ماوەیەکی نزيكدا بە بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕییەوە دەگەڕێتەوە کوردستان، ئەدهەم بارزانى وتى ئەو قسەیەى بەوەشێوەیە نەکردووە بەڵکو قسەکەى شێوێندراوە، هەروەها وتى ئەو لەگەڵ دروستکردنى حزب نییە چونکە لە کوردستان حزب نموونەیەکى جوانى پێشکەش نەکردووە، بەڵام ماناى ئەوەنییە واز لە سیاسەت بهێنێت .
 
ئەدهەم بارزانى وەک خۆى دەڵێت، ئەو کەسایەتییەکى سیاسى دیار و کاریگەرە لە هەموو ناوچەکانى کوردستان لە گەرمیانەوە تا بادینان و تا دەگاتە باکورى کوردستانیش، هەر کاتێک میللەت پێویستى بە من بێت بۆ گۆڕانکاریی و چاکسازیی ئامادەم و لەگەڵ میللەت دەبم .
 
ئەدهەم بارزانى ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى کە ئامۆزاى مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەو حزبەشە، دەڵێت لە ماوەى رابردوودا لە بەرامبەر ئەو وتار و نوسینانەى بڵاویکردووەتەوە پەیامى ناڕەزایەتی لەسەر ئاستى باڵاى کوردستان پێگەیشتووە، دەشڵێت پەیامەکان لە ئاستى سەرەوە بووە چونکە لە ئاستى خوارەوە هیچ کەسێک ناتوانێت پەیامى ناڕەزایەتى بۆ ئەو بنێرێت .
 
لە بەشێکى ترى قسەکانیدا ئەدهەم بارزانى وتى، بە داخەوە بەهۆى ئەو دۆخەى ئێستا لە کوردستان دروستبووە، هەر سیاسییەک راشکاوانە قسە بکات تووشى هەڕەشە دەبێت، هیوادارین بە هەوڵ و تێکۆشانى هەموو لایەک کوردستان بەرەو دیموکراسى و ئازادى بڕوات .