هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ یەكگرتنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە پەیكەری یەكە سەربازییەكان دەردەبڕێت،  راشیدەگەیەنێت، دەمانەوێت ببینە خاوەنی ھێزێكی پڕچەك و تۆكمە و راهێنراو، بەڵام رێگەنادەین بەرژەوەندی حزبی زاڵبكرێت و ناھاوسەنگی دروستبكرێت، بەڵكو دەبێت لە یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە بنەماكانی یەكسانی و دادپەروەری و نیشتمانیی رەچاو بكرێت.

ئەمڕۆ 31-5-2021، بافڵ تاڵەبانی، سەردانی فەرماندەیی ھێزەكانی حەفتای كرد و لەلایەن مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ئەو ھێزانەو ژمارەیەك فەرماندە و پلەباڵای سەربازی پێشوازی لێكرا.

بەگوێری راگەیندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لەكۆبوونەوەیەكدا، هاوسەرۆكی یەكێتی تیشكی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكان و ھەڵوەستەی كرد لەسەر بارودۆخی سەربازیی ئەم دواییەی بەغدا و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش و ھەوڵەكانی یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.

لەبارەی یەكگرتنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و پێشخستنی توانا سەربازییەكان و پێداچوونەوە بە پەیكەری یەكە سەربازییەكان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: یەكێتی پاڵپشتی و ھاوكاری سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە دەكات و دەمانەوێت ھێزێك بونیاد بنێینەوە كە لەئاست گۆڕانكارییە ئەمنی و سەربازییەكان بێت، لەڕووی نەتەوەییشەوە ببینە خاوەنی ھێزێكی پڕچەك، تۆكمە و راهێنراو كە بەرژەوەندییە گشتییەكانی خاك و وڵاتەكەمان بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەش رێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبكرێت و ناھاوسەنگی دروستبكرێت.

هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی لەوەشكردەوە كە دەبێت لە یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان دا، بنەماكانی یەكسانی، دادپەروەری و نیشتمانی رەچاو بكرێت.

ھەر لەكۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی فەرماندەی ھێزەكانی حەفتای بەرچاوڕوونكرد لە سیاسەتی نوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرو چەند راسپاردە و بڕیارێكی دەركرد لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم، بەتایبەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، كە بۆشایی ئەمنیی تێدایە و لەئێستادا لەچوارچێوەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ ھێزە عیراقییەكان ھەماھەنگی دەكرێت و بەرنامە و پلان بۆ ئارامی زیاتر لەو سنوورانە دادەنرێت.

سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ھێزەكانی پێشمەرگە و دواكەتنی مووچەی چەند لیوایەكی ھاوبەش، ھاوسەرۆكی یەكێتی نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی، لەرێگەی نوێنەرەكانمانەوە لە حكومەت داوامانكردووە ئەم كێشەیە بە خێرایی چارەسەربكرێت و رێگە نەدرێت ژیان و قوتی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بخرێتە ناو كێشمەكێش و ململانێكانەوە.