سنورمیدیا
 
سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت: سوپای دەوڵەتی تورك، دەستی كردوە بە داربڕین و تێكدانی سروشتی جوانی هەرێمی کوردستان ‌و ڕەخنەیش لە بێهەڵوێستیی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان دەگرێت ‌و دەڵێت: “جێگای نیگەرانی و تێڕامانە كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، كەڕ و كوێر و لاڵن بەرامبەر ئەم دەستدرێژی و سنووربەزاندنە”.
 
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، كوڕی ڕابەری پێشوو ‌و سەركردەی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، لە نووسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاوی کردەوە: “چەند ڕۆژێكە بە ئاشكرا لەشكركێشیی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان، لە هەڵكشاندایە و بەوەشەوە نەوەستاون، دەستیان كردوە بە داربڕین و تێكدانی سروشتی جوانی هەرێمەكەمان كە ئەمەش زەنگێكی خەتەرناكە بۆ ناوچەكە”.
 
ئاماژەی بەوەیش کردووە: “ئەوەی زیاتریش جێگای نیگەرانی و تێڕامانە، ئەوەیە كە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، كەڕ و كوێر و لاڵن بەرامبەر ئەم دەستدرێژی و سنووربەزاندنە.”
 
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز دەیشڵێت: “زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو كارە نایاسایی و نائەخلاقییەی سوپای توركیا دەكەین ‌و هەموو تواناكانیشمان دەخەینەگەڕ بۆ وەستاندن و خستنە ئەستۆی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە لایەنی ئەنجامدەر ‌و داوایشمان لە هەموو تاكێكی كورد هەیە، كە هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان بنوێنن”.