سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە خۆگرتنی سنوری جوگرافیایی هەرێم و چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بە شێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵکەوە، لەو خاڵە گرنگانەن بەلای حزبەکەیەوە لە دەستوردا جێگیربکرێن.
محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، “لەساڵی ٢٠٠٩ دەستورمان نوسییەوە لە پەرلەمانی کوردستان واتە رەشنووسی تەواو بوو خرابوویەوە دەنگدانەوە بەنزیکەیی کۆتایی پێهاتبوو، لە ٢٠١٥ ش بڕیاربوو بخرێتە راپرسیەوە بەڵام نەیانکرد، دواتر کێشەی ناوحیزبەکان دوایانخست.”
لەبارەی گرنگی و رۆڵی دەستورەوە ئەوەشی خستەڕوو، “بەڕای ئێمە دەستور گرنگە رەنگە ببێتە سەرچاوەیەک، گەڕانەوە بۆ دەستور رەنگە بتوانێت یاساکان رێکبخات، دەسەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن لەیەک جیابکاتەوە، بۆ ئەوانە دەتوانێت بەرنامەیەک بۆ داهاتوو دابنرێت، ئێمە ئێستا ناتوانیین بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێک لەدەستوردا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەندێک شتی کۆنی پەرلەمان یان بچین بەدوای دەستوری ساڵی شەستەکان و حەفتاکاندا بگەڕێین”.
وتیشی، دەستور هەموو شتێک چارەسەرناکات، بەڵام دەبێتە چوارچێوەیەک هەموو پێیەوە پابەند دەبن و هەرکەسێکیش لێی لادا دەبرێتە بەردەم دادگا.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، “ماوەی سی ساڵە ئەم هەرێمە هەندێکی بە مەزاج رۆیشتووە و هەندێکیشی گەڕاونەتەوە بۆ دەستورەکانی کاتی بەعس و کاتی پاشایەتی.”
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمەوە بەشێوەی راستەوخۆ لەناوخەڵکەوە و خۆ کاندیدکردنییەوە، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، ” ئەگەر لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، جاری پێشوو لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەکی زۆر خۆیان کاندید کرد ئەوکاتە حەڤدە-هەژدە کەس دەنگیشیان هێنا بۆنموونە کاک (کەمال میراودەلی) نزیکەی نیوملیۆن دەنگی هێنا، کۆمەڵێک خەڵک بۆنموونە لە گەرمیان لەشوێنەکانی تر دەنگیان هێنا، کوڕی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەنگی هێنا ئەوکاتە خەڵک دەنگی زۆر هێنا واتە ئەوە ئازادانەترە و دیموکراتی ترە لە وڵاتێک ٢٠-٣٠ کەس خۆی کاندید بکات بۆسەرۆک یاخود لەناو پەرلەماندا تایبەت بکرێت لەسەر حیزبێک یان دوو حیزب.”
باسی لەوەشکرد، میللەت مافی خۆیەتی سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت و دەنگی خۆی بدات، نابێت قەدەغە بکرێت لەخەڵکی هەرێمی کوردستان کە کەس خۆی کاندید نەکات تەنها لەناو پەرلەماندا ١١١ کەس هەڵیبژێرێت، کە رەنگە ئەوان زیاتر نوێنەری حیزبەکانبن، چونکە خەڵکی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانییەوە مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بۆ سەرۆکێک بدەن کە خۆیان هەڵیبژێرن.
هاوکات، لەبارەی ئەوەی باسکردنی دەستور لە ئێستادا بەشێک لەهەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنبێت، محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکرات ئاماژەی بەوەدا، ” باوەڕناکەم، بەڵام رەنگە رێگری هەبێت لەناودەستوردا، یەکەم حیزبەکان پێیانخۆش نییە دەستور هەبێت بۆئەوەی خۆیان لەجیاتی دەستور بڕیاربدەن، واتە خۆیان کۆببنەوە و لەجیاتی دەستور بڕیاربدەن، رەنگە یەکێک لەوانە پەیوەندی بەسنوری هەرێمی کوردستانەوە هەبێت رەنگە ئەوە یەکێک لەخاڵەکان بێت کە رێگربێت.”
ئەمە لە کاتێکدایە، لە خولی پێشوو پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی ١٩ کەسی بۆ نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان پێکهێنا و ٧٠ مادەی لێ نوسرایەوە، بەڵام کاتێک لیژنەکە گەیشتنە بابەتی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، نەیتوانی بگاتە رێککەوتن و بەو هۆیەوە کارەکانی لیژنەکە وەستا، بەڵام ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەیەوێت لیژنەکە کارا بکاتەوە و پرۆسەی نوسینەوەی دەستووری هەرێم تەواوبکات.