کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆرانی و فیلمی بیانیی پیاوێکی بە بەرچاوی خێزانەکەییەوە گولەباران کرد.
 
کۆریای باکور یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆترین سزا و کەمترین ماف و ئازادی تێدایە، یەکێک لە سەیرترین یاساکان قەدەغەی گوێگرتن و کڕین و فرۆشتنە بە بەرهەمە هونەرییە بیانییەکانەوە.
 
نوێترین قوربانی ئەم یاسا سەیر و نامۆیە بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی “لاد بایبڵ”، پیاوێکە بە ناوی “لیی” کە دوای ٤٠ رۆژ زیندانی کردن بە تۆمەتی فرۆشتنی ئەو گۆرانی و فیلمانەی لە کۆریای باشور بەرهەمهێندراون بە فەرمانی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور سزای گولەباران کردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “دەیلی ئێن کەی”، حکومەتی کۆریای باکور راگەیەندراوێکیان بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە هەر کەس کاری لەو شێوەیە بکات بەو جۆرە سزا دەدرێت.”
 
لە راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە باسی کەیسەکە کرابوو “ئەمە یەکەم سزای مردن بوو لە پارێزگای گانگۆون بۆ کەسانی دژە سۆشیاڵیست سەبارەت بەو بابەتانە، ئاگادارکردنەوەیەکیشە بۆ کەسانی تر کە ئەمە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کارانە دەبێت.
 
پیاوەکە لە بەردەم خێزانەیی و ٥٠٠ کەسی تری ناوچەکەدا گولەباران کرا، بەپێی سەرچاوەیەکی نزیکی کەیسەکە، دوای گولەبارانکردنەکە خێزانەکەی لەلایەن بەرپرسانی ناوچەکەوە دوورخراونەتەوە بۆ کامپێکی زیندانی سیاسی.