سنور ميديا
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەچەند شوێنی شاری هەولێر هەزاران دۆنم زەوی کەبەبێ هیچ پشتیوانییەکی یاسایی دراون بە ژمارەیەک کۆمپانیا و دوای چەندین ساڵ تائێستا کاریان تێدانەکراوە، ئەگەر ئەو زەویانە حکومەت بەبڕیار وەریبگرێتەوە و بەشێوەیی زیادکردنی ئاشکرا و لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی مامەڵەی پێوەبکات، ملیارو 750 ملیۆن دۆلار داهات دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە و ئاماژەی بەوەداوە، “بە ڕێگریکردن لە بردنی ئەم پارچە زەویانە زیاتر لە یەک ملیارو 750 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، لام گرنگە لێرەوە ئەم نامەیەتان ئاراستە بکەم. ھیواموایە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، کاری جدی لەسەر ئەم پێشنیار بکەن، ئەمڕۆ بەدواداچونێکی تەواومکرد بۆ چەند پارچە زەیەک لە ھەولێر و وەک لە وێنەکەدا دیارە پرسیاری نرخ و خاوەنداری و گرفتی یاساییم کرد، ئەم زەویانە ئەگەر بەپێی یاسا بەرکارەکان کاریان لەسەر بکرێت و بفرۆشرێت، بەدڵنیایی سەرو یەک ملیارو 750 ملیۆن دۆلار وەک داھات بەدەستدێت بۆ خەزێنەی گشتی”.
ئەوەشی خستوەتەڕو، لە فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە بۆ سەر شەقامی 100 مەتری بەلای چەپدا، لەسەر شەقامی 100 مەتری بە ئاراستەی شەقامی گوڵان بۆ لای پارک، زەویە بەتاڵەکان و پرۆژە تەوانەکراوەکانی نێوان پارک ھەتاوەکو شەقامی 100 مەتری، زەیەکانی دریم ستی بە ھەردوو ئاراستەی 40 مەتری بۆ 100 مەتری، پاشان ئەو زەویانەی لە ھەردوو لای چەپ و ڕاستی ڕێگای موسڵن لە نێوان 40 مەتری بۆ 120 مەتری، بەشێک لەم زەویانە بە نایاسایی تاپۆ کراون، واتە: بەبێ ئەوەی ھیچ کاری تێدا بکرێت کراوەتە موڵکی تەواو، لە وانە: 200 دۆنم لە پشت ھۆتێل ڕۆتانا و 80 ھەزار مەتر نزیک نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت بەشێک لەم زەویانە ھێشتا کاری تێدا نەکراوە و نوسیویەتی،” زیاتر لە 700 دۆنم نزیک فڕۆکەخانەو لە سنوری عەنکاوە، بەھاکەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، دوو کۆمپانیای دەستڕۆشتوو ململانێیانە لەسەری و یەکیان ئاڵای کۆمپانێاکەی ھەڵداوە لەسەر ڕوبەری زیاتر لە یەک ملیۆن و 25 ھەزار مەترە، چەندین پارچە زەوی نایابی دیکەش لەم ناوچەیەدا وەرگیراوەو کاری تێدا نەکراوەو وادەی یاسایی تەواو بوەو ھێڵدراوەتەوە. لە بری ئەوەی بۆ بەرژەوەندی کەسێک پارچەیەک بدرێتە 100 ملیۆن و یەکێکی دیکە بدرێتە 70 ملیۆن و ….. ھتد بەیاسا وەربگرێتەوەو بدرێتە سودی گشتی”.
باسی لەوەشکردوە، بەدڵنیایی ئەگەر ئەم زەویانە لەبری ئەوەی بۆ دەوڵمەندکردنی چەند کۆمپانیایەک و ھاوبەشەکانیان بەکاربێت حکومەت خۆی قۆناغ قۆناغ و بە کێبرکێ بیفرۆشێت، بە دڵنیایی زیاتر لە یەک ملیارو 750 ملیۆن دۆلار دەگرێتەوە، بەھیوای بڕیارێک لە بەرژەوەندی گشتی.