زانایەكی ئایینی ئێران ڕایدەگەیەنێت، بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنەكان كوفرە، چونكە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان فەرمانە بە چاك و دووركەوتنەوەیە لە خراپە.
سەید ئەحمەد عیلمولهودا، زانای ئایینی ئێران لە خوراسان ڕایگەیاند، بەشێك لە هاووڵاتیان و گروپەكان ئاشكرایدەكەن بەشداری لە هەڵبژاردنەكان ناكەین و ئەم ڕەفتارەشیان هەڵەیە، چونكە وەك چۆن خودا فەرمانی نوێژكردنمان پێدەكات، بەو شێوەیە ڕەفتارێكی لەو شێوەیەش فەرمانە و نەكردنی كوفرە.
وتیشی، “لە بۆچوونی سیاسەتی لیبڕاڵەكان تاك دەتوانێت لە هەڵبژاردنەكان بەشداری بكات یاخود نەیكات، بەڵام لە ئایینی ئیسلام ئەو مافە تەكەلیفە و واجبێكی شەرعییە و هەر لەبەر ئەوەشە، كە دەبێت بەشداری هەڵبژاردنەكان بكرێت و فەرمانێكی دینییە”.
ئاشكراشیكرد، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان فەرمانە بە چاك و دووركەوتنەوەیە لە خراپە، كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران و شۆڕشی ئێراندا بوونی هەیە.
بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ئێران بەڕێوەبچێت و بەپێی دوواین زانیاری، 7 كەس یەكلایی كراونەتەوە بۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنەكان.