دوای ئەوەی پێشتر چەکدارانی داعش وێنەی گەنجێکی کوردیان بڵاوکردەوە، کە پێش ئەوەی دەستگیربکرێت لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان پۆلیس بووە، ئێستا داعش لە پێگەکانیانەوە ڤیدیۆی گولـلەبارانکردنی گەنجەکەیان بڵاوکردەوە.
 
کەسێکی نزیک لە خانەوادەی جەلال بابان (ئەو گەنجەی لای داعش دەستگیرکرابوو) رایگەیاند، کە دانیشتووی ناوچەی گەرمیانن و کوڕەکەیان نزیکەی دوو ساڵە دەستگیرکراوە، دەشڵێت، جەلال بابان لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بووە کاتێک دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر هاوڕێکەی بەبڕی ٥٠ هەزار دۆلار ئازادکراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش رەزامەندییان داوە جەلال بابانیش ئازادبکەن و کچێکی ئێزدییان دیاریکردووە بۆ ئەمیرێکی داعش کە رادەستیان بکەن و کوڕەکەیان وەربگرنەوە، بەڵام کچە ئێزدییەکە رەتیکردووەتەوە بڕواتە ژێر دەسەڵاتی داعش.
 
وتوشیه‌تی، ئەوانیش ڤیدیۆکەیان بینیوە و دواتر بۆیان پشتڕاستووەتەوە، کە ئەوە ڤیدیۆی کوڕەکەیان و گولـلەبارانکراوە.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٧دا حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کۆتاییهاتنی داعشی راگەیاند، بەڵام تا ئێستاش جموجوڵەکانی داعش بەردەوامە و شانە نوستووەکانیان چەندین چالاکییان لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە.