ژنە چالاکوانێکی بواری ژنان لە هەولێر، بابەتێک لەسەر سووڕی مانگانە دەورژێنێت و دەڵێ “سووڕی مانگانە حاڵەتێکی سرووشتییە وەکو نەخۆشی پێناسەی مەکەن، هەموو مانگێک ئەم حاڵەتە سرووشتییە روودەدات و خوێنمان لێدەڕوا، لەوانەیە جلەکانمان پەڵەی خوێنی پێوە دیار بێت، ئەمە مایەی شەرم نییە”.
ژیلا موستەئجێر، یەکێکە لە چالاکوانانی بواری ژنان و دانیشتووی هەولێرهو ڕایگهیاند “ساڵانە لە رۆژی 28ی ئایار لە جیهان چالاکی جۆراوجۆر بۆ هۆشیارکردنەوەی کچان و ژنان لەبارەی سووڕی مانگانە ئەنجامدەدرێن، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی یەکەم جار دەچنە ئەو حاڵەتە ترسیان نەبێت، هەمیش بە کەرەستەی گونجا و تەندروستی خۆیان پاک بکەنەوە”.
وتیشی: “من ئەمساڵ ویستم بەشێوەیەکی جیاوازتر لە سۆشیال میدیا ئەو بابەتە بورژێنم، بە وێنەی خۆم و بەرزکردنەوەی چەند درووشمێکم لەبارەی سووڕی مانگانە دەرکەوم، بۆ ئەوەی بە هەموو ژنان بڵێم، سووڕی مانگانە نەخۆشی نییە و حاڵەتێکی سرووشتییە، مایەی شەرم نییە، ئێمە ژنەکان بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانمان خوێنمان لێدەڕوات، لەوانەیە توڕە بین، پێویستمان بە کەرەستەی تەندروست و خاوێنکەرەوەی تایبەت هەیە، تا بتوانین خۆمان بە خاوێنی بپارێزین، کڕین و هەڵگرتنی کەرەستەی خاوێنکەرەوە، با ئەم حاڵەتە وەکو کارێکی شەرم پێناسە نەکرێت”.
ژیلا، ئاماژەی بەوەشکرد: “کاتێک ئەو بابەتەم ورژاند زۆر لە ژنان پشتگریان کردم، بەشێکیان یادەورییە تاڵەکانیان بەهۆی شەرم لەناو کۆمەڵگە لە کاتی سووڕی مانگانە باس دەکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو: “تائێستا رێکخراو و سەنتەرەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان لە هەرێمی کوردستان، وەک پێویست قسەیان لەسەر ئەم جۆرە بابەتە نەکردووە، پێیانوایە پرسێکی هەستیارە و نابێ بورژێنرێ، بۆیە من نەمویست بە هەماهەنگی لەگەڵ هیچ سەنتەر و رێکخراوێک ئەم کارە بکەم و بە تەنیا ورژاندومە”.