وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، شبەینێ شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بۆ ئاژانسی (المعلومە)ی عێراقی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەك شەممە شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، كە لە ژمارەیەك وەزیر پێكهاتوون و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراقی دەكەن سەبارەت بە لێكتێگەیشتنەی هەبووە لەسەر بەرنامەی هاوبەشی نێوانیان بۆ جێبەجێ كردنی بودجە و ناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
ڕاشیگەیاندووە، تائێستا بەغدا پشكی هەرێمی كوردستان نەناردووە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كراوە، حكومەتی هەرێمیش ئامادەیی تەواوی پیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە.
جەختیشی كردۆتەوە، پاشەكشە ناكەین لە جێبەجێكردنی پابەندییەكان، ئەوەش لە كاتی سەردانی شاندەكە بۆ بەغدا جەختی لێ دەكرێتەوە.
هەفتەی پێشوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا شاندێكی دیكە ڕەوانەی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر ڕێكارە هونەرییەكانی جێبەجێ كردنی یاسای بودجە و پشكی هەرێم.