دەستەی حەج و عەمرەی عێراق رایگەیاند، سعودیە بڕیاریداوە ٦٠ هەزار کەس ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، بەڵام تاوەکو ئیستا پشکی عێراقی دیارینەکردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەکە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامی مەسعودی سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، ئامار و داتای ئەو کەسانەی کە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١ ئامادەکراوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە لەوەدایە تا ئێستا وەزارەتی حەجی سعودییە ژمارەی حاجییەکانی وڵاتانی جیهانی دیارینەکردووه، بەڵێنیشیداوە بەم زووانە بە وڵاتانی رایبگەێنێت.
 
سامی مەسعودی ئەوەشی وت، ئامار و ژمارەی ئەو کەسانەی کە فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن ساڵانە دەگاتە دوو ملیۆن کەس بەڵام لە ئەمساڵدا بەهۆی فایرۆسی کۆرۆناوە ژمارەکە کەمرایەوە بۆ ٦٠ هەزار و تا ئێستاش نازانرێت کە ئایا عێراق دەگرێتەوە یاخود نا.
 
دەسستەی حەج و عەمرە باسیشی لەوەکرد، وڵاتی سعودیە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بەمەرجی سەرەکی ئەنجامدانی حەج داناوە و دەستەی حەجیش تەواوی ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ ئەو مەبەسته.