بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەباشان پێشوازیانکرد لە جەنەراڵ ریچارد بێل، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.
لەدیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران و بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا و گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنی نێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بەتایبەت لەبوارەکانی پڕچەککردن و راھێنان و پەرەپێدانانی توانا سەربازییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی لەناوچەکە.
ھاوسەرۆکان لەبارەی جموجوڵ و مەترسی داعش لەعێراق و سوریا و خۆڕێکخستنەوەیان ھۆشدارییانداو تەئکیدیان لەستراتیژێکی نوێی سەربازیکردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رێگریکردن لەھێنانەدی مەرامەکانیان، بۆئەوەش بەردەوامی ھەماھەنگی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراق و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەگرنگ زانرا و پێکھێنان و چالاککردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لەناوچە کێشەلەسەرەکان بەھەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەم درا و داواشیان لەھێزەکانی ھاوپەیمانان كرد رۆڵی زیاتر بگێڕن و بەشداربن لەژوورە ھاوبەشە ئەمنییەکاندا.
لەبارەی یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و یەکەسەربازییەکان، ھاوسەرۆکان جەختیان لەخستنەگەڕی ھەوڵەکان کردەوە بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و شەراکەت بەلەبەرچاوگرتنی ئینتیمای نیشتمانی و بەرژەوەندی گشتی و راشیانگەیاند، یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پێکھێنانی ھێزێکی یەکگرتووی مەشقپێکراوی نیشتمانی کوردستانی کە پارێزەری خاک و گەکەکەمان بێت. پشتیوانی و ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانانیشیان لەو رووەوە بەپێویست زانی.
لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێشھاتەکانی ئەمدواییەی بەغدا، ھاوسەرۆکان بۆچوونی یەکێتییان خستەڕوو تەئکیدیانکردەوە لەچارەسەرکردنی سیاسیانەی تەواوی کێشەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم سەقامگیری سیاسی و رەوینەوەی گرژییەکان بەتایبەت لەم دۆخەدا کەبەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاودەنێین و پێویستە زەمینەی لەبار بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراھەمبکرێت.


