سنورمیدیا
زەرەر و زیانەکانی هێرشهكانی توركیا تەنیا ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نییە، بەڵکو سرووشتی ناوچەکەش خەریکە وێران دەبێت و بە وتەی سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە، دوای سووتاندی ناوچە سنوورییەکان لە ئەنجامی تۆپبارانەکان، دارەکان دەبڕدرێنەوە و دەبرێنە تورکیا.
تهلهفیزیۆنی ڕووداو نزیك له پارتی بڵاویكردهوه، سوپای تورکیا لە دوای خۆیەوە کۆمپانیای داربڕەوەی لەگەڵدایە و لە بەرواری باڵا و دەڤەری زاخۆ داری چیاکان دەبڕنەوە دەیانبەنە تورکیا و دەیانفرۆشن.
رێڤنگ هروری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگهیاند: “ئەو چەتانەی لەگەڵ لەشکری تورکیا بەردراونەتە ناوچەکە، خەریکی داربڕی و دار دزینن”.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان هەروەها دەڵێت “لەو شوێنانەی کە تورکیا سەربازی خۆی جێگیردەکات دارەکان دەبڕن و سرووشتی گوندەکان لەنێو دەبەن”.
هەروەها بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیا، ئاگر لە دەوروبەری چەند گوندێکی کێستە کەوتووەتەوە. خەڵکی گوندی کێستە بە هاوکاریی خەڵکی گوندی چەلکێی کریستیانەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن. ئەوان دەڵێن، ئاگرەکە بەهۆی گولـلەتۆپ و گولـلەی میلانۆوە کەوتووەتەوە.
سەعید کێستەیی، خەڵکی گوندی کێستەیە و دەڵێت، یەکەمجار تورکیا هەندێک تۆپی بۆ دەوروبەری گوندەکە هاویشت، دواتر تۆپباران بەردەوام بوو. “وتمان هەر ئەوەندەیە و رەنگە کۆتاییبێت. بەڵام میلانۆیەک بەر شوێنی حەوانەوەی مەڕوماڵاتەکە کەوت.”
شەڕ و پێکدادانی تووندی تورکیا و پەکەکە لە زناری کێستە بەردەوامە، تورکیا بە چڕی ناوچەکە بۆردوومان دەکات. دواتر ئاگر لە زناری کێستە، پشت گوندی گەلیێ قومریێ، چەلکێ موسڵمانان و کریستیانان لە رەز و باخی خەڵکی بەربوو. ئاگرەکە بەجۆرێکە گەیشتووەتە نێو گوندی چەلکیا کۆن.
لە 23ـی نیسانی ئەمساڵ، تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکەی دەستپێکرد و بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ناوچەکانی زناری کێستە بۆردوومان دەکات. تاوەکو ئێستاش دوو گوند بەتەواوی چۆڵکراون ئاگر لە دەوروبەری چوار گوند کەوتووەتەوە و گوندێکیش بەشێک لە دانیشتووانەکەی چۆڵیان کردووە.