سنور ميديا

هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى رایگەیاند، پێویستە هەرێم و بەغدا لەیەک کاتدا پابەندبونەکانیان بە بودجە جێبەجێ بکەن، هەرێم لەبەرانبەر وەرگرتنى پشکەکەى هەندێ نەوت رادەست بکات.

 

زێبارى ئەمڕۆ پێنج شەممە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى کە “ناس کورد” بینیویەتى وتى “دەبێت حکومەتى کازمى نیازپاکییەک نیشان بدات لەبارەى بودجەوە، هەرێمیش هەروەها پابەندبوونى خۆى جێبەجێ بکات”.

 

وتیشى “پێویستە بەغدا پارە بنێرێت پاش لێبڕینى پابەندبوونەکانى هەرێم، هەرێمیش هەندێ نەوت رادەست بکات، کێ پێشوەخت ئەوە دەکات نازانم بەڵام لانى کەم پێکەوە بیکەن باشترە”.

 

لەبارەى دۆخى ئازادى رادەربڕین لەهەرێم و رەخنەکان لەو بارەیەوە، زێبارى دەڵێت “نابێت پەیامەکانى تایبەت بە پێشێلى ئازادى رادەربڕین و رۆژنامەگەرى بەکەمى وەربگرین، پێویستە بەجدى وەریبگرین وریابین لەو پرسەدا چونکە ئەوە کۆدەبێتەوە، چونکە قەزیەى هەرێم لەسەر ئەو مەسەلەیە پێشکەوت”.

 

هەروەها لەبارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتى، زێبارى باسى لەوەکرد پەیوەندییەکانیان گەرم نییە و ناکۆکى سیاسی هەیە لەنێوانیاندا، ناکرێت لەیەک کاتدا لە حکومەت بیت و ئۆپۆزسیۆنیش بیت.

 

زێبارى لەبارەى دۆخى عێراقەوە جەختیکردەوە کە ئەوان پشتیوانى حکومەتەکەى مستەفا کازمى دەکەن و پێیانوایە کودەتا لە عێراق زۆر زۆر زەحمەتە و ناکرێت.

 

دەشڵێت “هەموو ئومێدەکان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەیە بەشکو گۆڕانێک بێتەکایەوە ئەگەر جەوهەریش نەبێت”.