ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی٥ـی ٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە مارتن هوس باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان. 

لە دیدارێکدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.

جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو چالاککردنی پڕۆسەی سیاسی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکان.

باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرا و پابەندکردنی هەردوولا دووپاتکرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوانیان. بوونی نەخشەڕێگایەکی بنەڕەتی و درێژخایەنیش بە گرنگ زانرا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەموو کێشەکان.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و فراوانکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، پێویستی پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی دادگا لە کەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دووپاتکرایەوە. لەو ڕووەوە هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند: “بە ڕای ئێمە ئەو کەیسە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حکومەت و هەرێمی کوردستان کە چەندین ساڵە خەباتمان بۆ کردووە و قوربانیمان بۆ داوە تا گەیشتووین بەو ئاستەی ئێستا”.

هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردنی میدیای ئازاد و پشتگیریکردنی چالاکوانان کە هەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایکبوونی ئازادی و میدیای ئازادی کوردستان، دووپاتیشیکردەوە کە یەکێتیی بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە و کاری زیاتریش دەکات بۆ پتەوکردنی کۆڵەکەکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە دەستوور بۆ هەمووانە نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەکی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە کە تەنها بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بکرێت.