سنور ميديا
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت، تا كاتی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەنگدەران نەیاندەزانی بەچ میكانیزیمێكی كاریكاتێری پڕۆژەیاسا ڕادەستی سەرۆكایەتی دەكرێت؟، دهشڵێت:”بۆ نمونە پەرلەمانتار بەبێئەوەی پڕۆژهكە بخوێنێتەوە ئیمزای لەسەركردووەو پەرلەمانتارێكیش شۆفێرەكەی ئیمزای بۆ كردووە یان تەزویری ئیمزای پەلەمانتار كراوە”.
لەنوسینێکدا بەناونیشانی “كاتێكى نەگونجاو بۆ پڕۆژەیەكی هەستیار” دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاندووە، “هەموو بڕگەیەكی یاساییو رێنماییو بڕیارێكی وەزارەتیی، بەرامبەر دەزگاكانی میدیا ڕەتدەكەینەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژماری 35ی ساڵی 2017 یاسای كاری ڕۆژنامەگەری بێت”.
دەقی نوسینەکە:
“كاتێكى نەگونجاو بۆ پرۆژەیەكی هەستیار”
تا كاتی پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، دەنگدەران نەیاندەزانی بە چ میكانیزیمێكی كاریكاتێری پرۆژە یاسا رادەستی سەرۆكایەتی دەكرێت؟ بۆ نمونە پەرلەمانتار “بەبێ ئەوەی پرۆژكە بخوێنێتەوە ئیمزای لەسەر كردووە”، پەرلەمانتارێكیش “شوفێرەكەی ئیمزای بۆ كردووە” یان “تەزویری ئیمزای پەلەمانتار كراوە”.
دڵمان لە مستماندا بوو تا ئێوارەی دووشەممە 17ی ئاب، لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان – عێراق ئەو تێبینیانەی سەبارەت بەناوەڕۆكی پێشنیازە یاساكە گەیشتە لیژنەكەیان بە هەند وەرگرت، بڕیاریاندا “ناوەرۆكی پێشنیازە یاساكە رەتبكەینەوە بەو شێوازەی كە ئێستا هەیە” ئامادەكاریی بكەن دوای پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، بەمەبەستی ئامادەكردنەوەی بە ناوەڕۆكێكی گونجاو كە تێكهەڵكێشبێت بەو سەرنج و تێبینییانەی لەلایەن پسپۆڕان و میدیاكارانەوە بۆ لێژنەكەیان هاتووە.
بێ ئەوەی لیژنەی رۆشنبیری رایبگەیەنێت كە پرۆژەكەیان خستۆتەوە بەردەم “پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان” وەك خۆیان بریاریان لەسر دابوو، ئەمجارەیان پرۆژەكە چۆتە ژوورێكی وەزراەتی رۆشنبیری لە ناو وەزارەتەوە، ئەمرۆ وتەبێژەكەیان مژدەی راگەیاندنی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی و هەمواركردنی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014 (رێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان) راگەیاند.
لەدوو ساڵی رابردوودا، دوو هەوڵی هەڵگەڕانەوە بەسەر یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، هەبوون. هەوڵەكان بریتی بوون لە پێشكەش كردنی دوو پڕۆژە یاسا، یەكەمینیان پرۆژە یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێمی كوردستان، هەروەها پرۆژە یاسای ڕێكخستنی میدیا ئەلیكترۆنی، یەكەمیان ساڵی 2019 شكستی پێهینرا، دووهەمینیان، ساڵی 2020.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنین:
1ـ هەموو بڕگەیەكی یاساییو رێنماییو بڕیارێكی وەزارەی بەرامبەر دەزگاكانی میدیا رەتدەكەینەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژماری 35ی ساڵی 2017 یاسای كاری رۆژنامەگەری.
2ـ ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەبێت لەژینگەیەكی سیاسی سەقامگیر گفتوگۆی لەسەربكرێتو نەكەوێتە نێو ململانێی سیاسیو حزبییەوە، هەروەها ناكۆك نەبێت لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەمافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری.
3ـ سەبارەت بەهەمواركردنی ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2014ی وەزارەتی ڕۆشنبیری، رێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لەهەرێمی كوردستان، میترۆ بەحەزەرەوە تەماشای ئەم هەنگاوەی وەزارەت دەكات بەتایبەتیش ئێستا وەرگرتنی مۆڵەتی میدیای بینراو بیستراو لەبنچینەدا ئاڵۆزكراوە، داوادەكەین هەمواركردنەكە پەرچەكردارنەبێت بەرامبەر هەڵەی پیشەیی هەندێ دەزگای میدیا كە دەبێت لەچوارچێوەی بەندەكای یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەك ڕێنماییو بڕیاری وەزاری.
دیاری محەمەد
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ