ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی گشتییدا، گرێدراوە بە جێبەجێکردنی چوار بڕگەی یاساکە، هاوکات، دەشڵێت، “پێویستە ھەرێم، چوار برگەکە جێبەجێ بکات”.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، “چوار برگە لە یاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١دا ھەن، ئەگەر جێبەجێی کران، ئەوا پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتییدا رەوانە دەکرێت”.
 
لە بارەی بڕگەکانەوە جەمال کۆچەر ئاشکرای کرد، “بڕگەی یەکەم و دووەم تایبەتن بەوەی کە پێویستە ھەرێمی کوردستان، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و نیوەی داھاتەکانی نا نەوتی رادەستی ناوەند بکات، بڕگەی سێیەمیش ئەوەیە، لیستی تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم رادەست بکرێت و بڕگەی چوارەمیش ئەوەیە رێگە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی بدرێت کە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە ھەژمارەکانی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، بکات”.
 
ئەوەشی خستەڕوو، “ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتییدا، گرێدراوە بەجێبەجێکردنی ئەو چوار بڕگەیە و پێویستە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات و رایبگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێم ئامادەییە ئەو بڕگانە جێبەجێ بکات”.
 
چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە شاندێکی ھونەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراق، سەردانی بەغدا بکات.