ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، و ئیتاڵیا سەرکۆنەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی سووریا دەکەن و دەڵێن ئەو هەڵبژاردنانە “نە پاکن و نە ئازاد.”
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی دەرەوەی هەر پێنج وڵاتە رۆژئاواییەکەدا هاتووە، “ئێمە، وەزارەتەکانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەمریکا دەمانەوێت روونیبکەینەوە کە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی 26ی ئایار نە ئازدانە دەبێت و نە پاکیش دەبێت. ئێمە بڕیاری رژێمی ئەسەد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دەرەوەی چوارچێوەی پڕۆژە بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەدەکەین و پاڵپشتی لە دەنگی هەموو سوورییەکان دەکەین، لە نێویشیاندا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیان بە نایاسایی داناوە و سەرکۆنەیان کردووە.”
ئەمریکا و چوار هاوپەیمانەکەی جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە “بە گوێرەی پڕۆژە بڕیارەکە، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و بە بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتیی شەفیافەت و بەرپرسیارێتی ئەنجامبدرێت.”
هەرەوەها لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، “بۆ ئەوەی هەر هەڵبژاردنێک جێی متمانە بێت، پێویستە هەموو سوورییەکان رێگەیان پێ بدرێت لە ژینگەیێکی پارێزراو و بێ لایەندا، تێیدا بەشداربن، لە نێویشیاندان ئاوارە، پەنابەر و ئەوانەشی لە تاراوگەن.”
وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا دەشڵێن بێ ئەو ژینگەیە، “ئەم هەڵبژاردنە ساختەیانە هیچ بەرەوپێشچوونێک بەرەو رێککەوتنی سیاسی بەدیناهێنن.”
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە “ئەم هەوڵەی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ بەدەستهێنانەوەی رەوایەتیی، رەتبکەنەوە،” چونکە بە گوتەی خۆیان حکومەتی سووریا کۆتایی بە پێشلکارییەکانی دژی مافی مرۆڤ نەهێناوە و بەشداریێکی ئەوتۆی لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئەو وڵاتە.
لە کۆتاییی راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا، ئەمریکا و چوار وڵاتە ئەوروپیەکە دەڵێن، “ئێمە پاڵپشتیی بەهێزی خۆمان بۆ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دووپاتدەکەینەوە بۆ دۆزینەوەی رێککەوتنێکی سیاسی لەسەر بنەمای پڕۆژە بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرگری لە خۆشگوزەرانی داهاتوو و مافی هەموو سوورییەکان دەکات، لە نێویشیاندا مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەدا.”
بڕیارە 26ی ئایاری 2021 بەبێ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی سووریا بۆ هەرسێ بەربژێر “بەشار ئەسەد”، “عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا” و “مەحموود مەرعی” بەڕێوەبچێت.