سنور ميديا

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كۆمپانیایەک بۆ هەر تەنێك غازی ماڵان ١٠٣ هەزار دیناری زیادكردووە و هەر بتڵێكی غازیش هەزار و 500 دیناری خسۆتەسەری.

 

غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ماوەی چوار مانگە ساوس كوردستان لە سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی، تەنی غازی شلی غازی ماڵانی لە ٤٢٠ هەزارەوە كردوە بە ٥١٨ هەزار دینار و بۆ هەر تەنێكیش ١٠٣ دیناری زیاد كردوە ،كەچی لە هەموو عیراق تەنی بە ٤١٥ هەزار دینارە ، لە هەر بوتڵێكی غاز هەزار و 500 دیناری زیاد كردوە.

 

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەپێی ئەو تەندەرەی پێیدراوە دەبێت تەنی غاز بیدات بە ٤١٥ هەزار ،بەڵام بە تەنسیق لە گەڵ دەسەڵات گرانی كردووە، بە بێ هیچ نوسراوێك و پاساوێک ئەوەیان کردوەتە بیانوو كە دۆلار گرانبووە.

 

غالب محەمەد دەشڵێت، ئێمە دەزانین غازی ماڵان لە (كۆرمۆر) دەردەهێنرێت و بەرهەمی ناوخۆیە، گەر حكومەتی بنەماڵە دەیەوێت  تەعویزی كۆمپانیایەكی نزیك لە هەردوو بنەماڵە بكات، ئەی خێرە تەعویزی ئەو هەموو كۆمپانیا و فەرمانبەر و موچەخۆرانە ناكات بە هۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە زەرەرمەند بوون.

 

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكردووە،  بەشێك لە غازی ماڵان لە عیراقەوە دێت بۆ هەرێم بە نرخی ٤١٥ هەزار لە هەموو لایەك ڕێگری لیدەكەن بۆ ئەوەی كە داخلی هەرێم نەبێت، تاوەکو نرخی غاز هەرزان نەكات.

 

هاوکات دەشڵێت “ئێمە حكومەتی عێراقمان ئاگادار كردەوە كە كارئاسانی بكات بۆ هاوردەكردنی ئەو غازە بە نرخیكی هەرزان، بۆ ئەوەی كۆمپانیای ساوس كوردستان قۆرخی غازی ماڵان نەكات”.