سنور ميديا
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەت لەماوەی داهاتودا بەرامبەر زیادبونی ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن ژمارەیەک رێکاری نوێ دەگرێتەبەر لەوانەش هەموارکردنەوەی مۆڵەت پێدانی چەک، جەختیش دەکاتەوە لەدۆسییەکانی توندوتیژی خێزانیدا “عەشیرەت و حزبەکان فشار دەکەن بۆ ئەوەی دادگا رێچكەی یاسایی خۆی وەرنەگرێت”.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لەپەرلەمانی کوردستان لەبارەی زیادبونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە رایگەیاند، حکومەت نیگەرانە لە زیادبونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و لەوپێناوەشدا ژمارەیەک رێکاری نوێ دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت حکومەت لەم پرسەدا تۆمەتبار بکرێت، چونکە بەشێکی روداوەکان پەیوەندی بەو مێژوەوە هەیە کە لەچەند دەیەی رابردو بەسەر کوردا هاتون کاریانکردوەتەسەر دەرونی تاک، لەوانەش روداوەکانی ئەنفال، شەڕی ناوخۆ و بەرەنگاربونەوەی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سەرجەم هێزە سەربازییەکان بخرێنەژێر رکێفی یاسا و دەسەڵاتەکانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی چەکی دەست ئەندامانی هێزە سەربازییەکان کۆنتڕۆڵکراوبێت و بەمۆڵەت بێت، چونکە هەمو خەڵكی کوردستان دەزانێت لەئێستادا حزبەکان و بەرپرسان بەڕێژەیەکی بەرچاو داواکاری بۆ زیادکردنی پاسەوان و پێدانی مۆڵەتی چەک ئاڕاستەی حکومەت دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان رێکارەکانی مۆڵەتپێدانی چەکیان زۆر قورسترکردوە.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕو، لەکاتێکدا هەوڵەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەدۆسیەکانی توندوتیژی دژی خێزان بەردەوامە، لەهەمانکاتدا “فشاری تاک، خێزان، عەشیرەت و حزبەکان بەچەندین شێوە فشار لەدادگاکان دەکەن بۆ ئەوەی دادگا رێچكەی یاسایی خۆی وەرنەگرێت”.