سنور ميديا
نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بە تووندی بیرۆکەی پێکهێنانی حکومەتێکی فریاگوزاری ڕەتکردەوە و داوایکرد هەڵبژاردنەکان لەوادەی خوێدا بەڕێوەبچێت، “بە پێچەوانەوە ئەوە یاخبوونە لە چەمکی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بنەما دیموکراسییەکان.”
نوری مالیکی لە ڕاگەیەندراوێکدا(25ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، “هەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خوێدا دەکرێت و دواناکەوێت، پێکهێنانی حکومەتێکی فریاگوزاریی بە تووندی ڕەت دەکەینەوە”.
وتیشی، “ئەو جۆرە حکومەتانە دژ بە بنەماکانی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتن، یاخیبوونە لەسەر خواست ویستی گەلی عێراق کە لەئیستادا بریاریداوە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات”.
مالیکی دەشڵێت، “دواخستنی هەڵبژاردنەکان هەموو ماندوبوونەکانی کۆمسیۆن بەفیڕۆ دەبات، چونکە ئەوان هەنگاوی باشیان بڕیوە لە ئامادەکردن و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان”.
سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا داواشی لە هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان کردووە سوربن لەسەر ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان.
مالیکی داواشی کردووە حکومەت پلانی جدی دەستبخات بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئەمنیی لەبار بۆ دەنگدەران و کاندیدەکان و پرۆسەکانی ساختەکردن بنبڕبکەن.