جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا، پەلەبکرێت لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان.

ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەهەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان سەبارەت بەزیادبوونی رێژەى حاڵەتەکانی کوشتن‌و خۆکوشتن‌و توندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا قوباد تاڵەبانی داوایکرد، “پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ ڕێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان‌و خۆکوشتن، ئه‌وه‌ش لەڕێى کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵى بڵاوکردنەوەى ڕێنمایی‌و هۆشیاری خێزانی بدەین تا چارەسەرى پێویست بۆ ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزینەوە”.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێگەچارەى خێراو به‌په‌له‌ بگیرێتەبەر، لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەى خولى جۆراوجۆرى ڕاهێنان بۆ ئەفسەران‌و وتەبێژان لەبارەى هۆشیارى لەبنەماکانی یەکسانی جێندەری.

هەروەها بڕیاردرا ڕێگری بکرێت لەبردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتایی هاتنی ڕاوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەى کەیسەکان لەناو شێڵتەر بەپێى جۆرو تایبەتمەندیی کەیسەکان، هەروەها بڕیاردرا بەدابینکردنی بودجەی پێویست‌و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.