سنور ميييديا
وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌سه‌ر دواكه‌وتنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌واده‌ى خۆى به‌بیانوى نه‌بونى بودجه‌ى پێویست په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه، “ئەم عەقڵیەتی حوکمڕانیە جێگای شەرمەزارییە، ئەی بۆ لەگەڵ بەغدا شتێکی تر دەڵێن؟!”، ده‌شڵێت:”بەم حکومداریە فشۆڵ‌و شکستخواردوەوە کە جیاوازی لەنێوان سێ پارێزگای هەرێم دەکەن، جارێکی تر دەرکەوت ئێوە نەک دەوڵەتدار نین، بەڵکو مانەوەی یەک هەرێمی یەکگرتوویشتان بۆ چەلەحانێی داهاتی پارێزگا بچوک کردوەتەوە”.
د. بەختیار جه‌بار شاوەیس وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:”ئەم حکومەتە هەر ئەوە مابوو کە کێشەو ململانێ بخەنە ناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوەو تەفرەقە لەنێوان خەڵکی دهۆک‌و سلێمانی دروستبکات”.
باسى له‌وه‌شكردوه، “ئەوەتا حکومەت بەبیانووی ئەوەی کە سلێمانی داهاتی تەواوی نەناردوە، موچەی وەزارەتی تەندروستی بەلێبڕینەوە بەدوو ڕۆژ دابەشدەکات، پەرلەمانتارە موزایەدەچیەکانیان دەڵێن ئاخر چۆن دەبێ دهۆک هەموو داهاتی تەسلیم بکات‌و موچەی سلێمانی پێبدات؟، دەڵێن: چۆن دەبێت سلێمانی 43%ى موچە ببات‌و 34% داهات بدات”.
شاوه‌یس ئه‌وه‌ى به‌مەهزەلە ناوبردوه‌و نوسیویه‌تى:”ئێستا ئێوە بەبێئەوەی بەخۆتان بزانن هەمان قسەی پەرلەمانتارانی عەرەب لەبەسرە دەکەنەوە کەدەیانوت نابێ داهاتی نەوتی بەسرە کە 83% داهاتی هەموو عیراق پێکدەهێنێت، بخەینە خەزێنەی حکومەتى هەرێمی کوردستان‌و ئه‌ویش داهاتی نەوتەکەی تەسلیم نەکات، ئێوە کە قسەی پەرلەمانتارانی لایەنە عەرەبیەکان دەکەنەوە ئەوا ڕێک ئیعتراف دەکەن بەوەی کەقسەکەی ئەوان ڕاستەو چەند ساڵە سەرچاوەی کێشەکان هەر ئێوەن‌و لەهەردوولا خەریکی دزین”.
پێیوایه، “بەم حکومداریە فشۆڵ‌و شکستخواردوەوە کە جیاوازی لەنێوان سێ پارێزگای هەرێم دەکەن، جارێکی تر دەرکەوت ئێوە نەک دەوڵەتدار نین، بەڵکو مانەوەی یەک هەرێمی یەکگرتوویشتان بۆ چەلەحانێی داهاتی پارێزگا بچوک کردوەتەوەو بەم عەقڵیەتەی ئێوە ئیتر ئەبێ چاوەڕێی تەفرەقە بکەین لەنێوان ئەم قەزاو ئەو ناحیە، خوا بەخێری بگێڕێ”.
په‌یامى وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌به‌غدا له‌كاتێكدایه، هه‌موو 25ى مانگێك حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌كردو له‌ماوه‌ى ته‌نها 5 ڕۆژدا موچه‌ى ته‌واوى وه‌زاره‌ته‌كانى دابه‌شده‌كرد، به‌ڵام دوێنێ ئاشكرایكردوه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌و سبه‌ینێ چوارشه‌ممه ته‌نها موچه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌دات.