شەپۆلێكی باران بارین و تەرزە و هەورە تریشقە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن و ڕەشەباش لەگەڵیدا هەڵدەكات.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگهیاند، لە ڕۆژی سێ شەممەوە ٢٥-٥-٢٠٢١ پێشبینی ئەكرێت ھەرێمی كوردستان بكەوێتەوە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی مامناوەندی دەریای ناوەڕاست و شەپۆلێكی تاو تاوی بارانبارین و ھەورە تریشقە ناوچەكە دەگرێتەوە لەھەندێك كات و ناوچەشدا تاوە بارانی بەلێزمە و تەرزەی لەگەڵ ئەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئەم شەپۆلە كاریگەری زیاتر ئەبێت لەسەر ناوچە شاخاوییەكانی سنوری (دھۆك، ھەولێر، ڕاپەڕین) و بەڕادەیەكی كەمتریش لەناوچەكانی سنوری (سلێمانی، ھەڵەبجە، كەركوك) كاریگەری ئەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕۆژی چوار شەممەدا كاریگەری ئەم شەپۆلە بەردەوامی ئەبێت و پلەكانی گەرما بەڕێژەیەكی زیاتر و بە تێكرای ٤ بۆ ٥ پلەی سیلیزی ڕوو لەنزمبوونەوە دەكەن و بەم ھۆكارەش كەش تا ڕادەیەك لەناوچە بەرزەكاندا فێنك دەكات لەو مەودایەدا.
دەشڵێت: ” چالاكی خێرایی با ناوبەناو زیاد دەكات لە ئاڕاستەی باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە بەخێرایی ٢٠ تا ٤٠ كیلۆمەتر زیاتر لەكاتژمێرێكدا”.
جەختیشی كردۆتەوە، ” ھۆشداری ئەدەین لەڕوودانی ھەورە تریشقەی توند، بۆیە بۆ سەلامەتی خۆتان لەكاتی چالاكبوونی ھەورە تریشقەدا لە نزیك دار و شوێنە بەرزەكاندا مەوەستنەوە بەتایبەت دانیشتوانی سنوورە شاخاوییەكان ئەم شەپۆلە بەڕادەیەكی زۆر پێشبینی ڕوودانی ھەورە تریشقەی لێدەكرێت”.