له سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی عێراق، تاوانبارێكی كوشتارگه‌ی سپایكه‌ر له بری سزادانی پۆستی سه‌ربازی پێده‌درێت.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، یه‌كێك له تاوانبارانی كوشتارگه‌ی سپایكه‌ر كه تیایدا 1700 خوێندكاری سه‌ربازی عێراقی به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران، سه‌ره‌ڕای داننانی به به‌شداریكردن له‌و تاوانه‌دا به‌بێ هیچ سزادانێك به لێبووردنی گشتی ئازاد ده‌كرێت.
ئه‌و كه‌سه كه ناوی “موئه‌ید سه‌بار خربیت سالم”ه دوای ئازادكردنی له حه‌شدی عه‌شایه‌ری كه هێزێكی سه‌ربازیه پۆستی پێده‌درێت و ده‌كرێته فه‌رمانده‌ی فه‌وجی چوار.
له 2014دا كاتێك رێكخراوی تیرۆریستی داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر شاری تكریتدا، له بنكه‌ی سه‌ربازی سپایكه‌ر له باكوری تكریت كوشتارگه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی ئه‌و كاره قێزه‌ونه‌شی بڵاوكرده‌وه.
له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بنكه‌ی سپایكه‌ردا، داعش 1700 خوێندكاری سه‌ربازی عێراقی به‌دیل گرت و دواتر گولله‌بارانی كردن و هه‌ندێكیانی خستنه ناو رووباری دیجله و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شیانی له گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا ناشت.



