فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند بڵاوکراوەیەکیان بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی شیلادزێ و کانی ماسی لە قەزای ئامێدی سەر بەپارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە گه‌ریلاكانی پارتی کرێکاری کوردستان (پەکەکە) کرد خۆیان رادەستبکەن.
 
 
ماڵپەری دەرکا مازی بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا دەیەها بڵاوکراوەیان بەهەردوو زمانی کوردی و تورکی بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی کانی ماسی و سیرێ و شیلادزێ لە شاری دهۆک بڵاوکردوه‌تەوە و داوایان لە گه‌ریلاكانی پەکەکە کردووه خۆیان رادەستبکەنەوە بۆ ئەوەی بە ئاشتەوایی بگەڕێنەوە نێو ماڵ و حاڵی خۆیان.
 
لە بڵاوکراوەکەی تورکیا ئەوەش هاتووە، “پێویست ناکات چیتر لە نێو ئەشکەوت و چاڵەکاندا بژین هەر بۆیە خۆتان رادەستبکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆش و بەختەوەر تەواو بکەن، ئێوە لەنیوەی تەمەنتاندان تا ئێستاش شتی زۆر ماوە بۆ ئەوەی تەواوی بکەن ئەو ژیانەی کە ماوە لەنێو باوەشی خێزان و دۆستەکانت تەواوی بکەن، دەرگای بەختەوەری لەبەردەمتان کراوەیە”.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لە 23ی نیسانی ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا بە بیانوی هەبوونی بنکە و بارەگای پارتی کارێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئۆپراسیۆنی چنگی بروسکە و چنگی هەورە تریشقە کردووە، بەوەش زیان بە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم گەیشتووە و چەند گوندێکی ناچار بە چۆڵکردن کردووە.