سنور ميديا

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان داوا لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەکات، بانگهشتی لایەنەکان بکات بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردستان و خۆی وەک ڕیش سپییەک ڕابەرایەتی بکات.

نوێنەرایەتی باشوری کوردستانی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا كە پەیامنێری شارپرێس ئامادەی بوو، بەیاننامەیەكی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کرد، بەیاننامەكە لەلایەن محەمەد شەریف، ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبردن خوێنرایەوە.

لە بەیاننامەكەی هەدەپەدا هاتووە، دەبێت هەمووان وەک خۆی داگیرکارییەکان ببینن و بانگەوازی سەرەکیمان بۆ بەڕێز مەسعود بارزانییە، نەک وەک ئەوەی کە سەرۆکی پارتییە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لە تەمەنێکی بچوکەوە لەناو شۆڕشی کوردستاندایە، ئەمڕۆش بەم تەمەنەی خۆیەوە وەک ڕیش سپییەکی کوردە، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ئاشنابوونی لە جیهانی نێودەوڵەتیدا گەلی کورد دەیانەوێت ڕۆڵی خۆی ببینێت و بانگ لە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان بکات بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی کورد و خۆشی ڕێبەڕێتی بکات، هەر پارت و لایەنێک بەشداریی نەکات، هەرکەس بێت دەبێت ڕەخنەی لێبگیرێت، چونکە ئەمڕۆ کاتی ئازادی و کاتی یەکگرتنە و دەبێت خەون و خەیاڵی نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسی کورد بەدی بهێنین.

لە بەشێكی تری بەیاننامەکەدا، باس لە مانگرتنی زیندانیانی دۆزی پەکەکە و پژاک کراوە، کە لە ٢٧ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠ـەوە بەردەوامە لە دژی گۆشەگیرییەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، ” ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک بە بیانووی پەکەکە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕاست نییە و ئەو هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد و بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستانە، هاوشێوەی عەفرین، سەرێکانی، ئەمڕۆش هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین.

هەدەپە، پەیامی دووەمیان بۆ پارت و ڕێکخستن و کەسایەتییەکان خستەروو، کە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەک خۆی ببینن، چونکە خاک و وڵاتمان داگیردەکرێت و کچان و کوڕانمان شەهید دەکرێن، بۆیە دەبێت ئێمەی کورد بە توندی دژی داگیرکاریی بووەستینەوە و شەرمەزاری بکەین.”

لە کۆتاییدا داوایان لە تەواویی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد، کە چۆن دژی داگیرکردنی عەفرین هەڵوێستیان هەبوو، دژی ئەم داگیرکارییانەش هەڵوێستی جددی پیشان بدەن.